سەردێڕ:

پەروەردەی سلێمانی شێوازی پرسیارەکانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی ئاشکرادەکات

فۆتۆ: 
2020-07-08

25152 جار خوێندراوەتەوە

جێگری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی رایگەیاند، شێوازی پرسیارەکان هەڵبژاردن دەبێت و هەر پرسیارێک چوار بژاردەی لەگەڵدا دەبێت، دەشڵێت، "کاتی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن لە دەسەڵاتی وەزارەتی پەروەردەدا نییە."

عومەر ئەمین جێگری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لە گەشتی هەواڵەکانی ئێن ئاڕ تی دا رایگەیاند، "هاوشێوەی ساڵانی رابردوو، شێوازی سەرجەم پرسیارەکان هەڵبژاردن دەبێت و لە بەکارهێنانی سیستمی هەڵبژاردن پاشەکشەناکەن و هەر پرسیارێک چوار بژاردەی دەبێت."

هاوکات، لەبارەی چۆنییەتی وەرگرتنەوەی ئەنجامەکانیشەوە دەڵێت، "بۆ ئەوەی وەک ساڵانی رابردوو، خوێندکاران هیچ گومانێکیان لە ئەنجامەکانیان بۆ دروست نەبێت، ئەمساڵ خوێندکاران لە رێگەی کۆدی تاقیکردنەوەکانیایەوە، دەتوانن پرسیار و وەڵامەکانی خۆیان ببینن."  

لەبارەی کاتی دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندنەوە باسی لەوەکرد، "ئەرکی وەرگرتنی خوێنکاران و خۆڕێکخستنەوە و خۆئامادەکردن سنوری پەروەردەکان کاری ئێمەیە، بەڵام کاتی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن لە دەسەڵاتی وەزارەتی پەروەردەدا نییە و لیژنەی باڵای روبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا لەوبارەیەوە بڕیار دەدەن."  

زیاتر لە چوار ساڵە، تاقیکردنەوەکانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی بە شێوازی هەڵبژاردن ئەنجامدەدرێت و پەڕەی سۆما بۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری خوێندکاران بەکاردەهێنرێت.