سەردێڕ:

ئێن ئاڕ تی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران ئاشکرادەکات

فۆتۆ: 
2020-07-08

19019 جار خوێندراوەتەوە

بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆببێتەوە و لە کۆبوونەوەکەشدا گفتوگۆ لەبارەی یاسای چاکسازی و سیستمی بایۆمەتری و گەڕانەوەی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا بکرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە ڕێی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە کۆدەبێتەوە و بەپێی زانیارییەکانی کە دەستى ئێن ئاڕ تی کەوتووە، لە کۆبوونەوەکەدا تەوەرەکانی پرسی پەیڕەوەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی، سیستمی بایۆمەتری و گەڕانەوەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت.

بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تیش لەم کۆبوونەوەیەدا، وەرەقەیەکی نوێی دانوستاندن لەگەڵ بەغدا پەسەند دەکرێت، کە شاندی هەرێمی کوردستان لە گەڕانەوەیاندا بۆ بەغدا لەسەر ئەو بنەمایە گفتوگۆکانیان لەگەڵ حکومەتی ناوەند بکەن، وەرەقەکە پێشتر ئامادەکراوە و لەم کۆبوونەوەیەدا پەسەند دەکرێت.

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بۆ پەسەندکردنی ئەو پەیڕەوانەیە کە رۆژی ٦ی تەمموز لە کۆبوونەوەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی پێشنیاز کراون و ئەمڕۆ دەنگیان لەسەر دەدرێت، کە بریتین لە پرۆژەی پەیڕەوی سندوقی خانەنشینی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و پرۆژەی پەیڕەوی مەرجەکانی دامەزراندنی پلەباڵاکان لە هەرێمی کوردستان.

هاوکات، گیروگرفتەکانی بەردەم کەرتی کشتوکاڵ و ساغنەبوونەوەی بەرهەمە ناوخۆییەکان بەشێکی دیکە دەبن لە گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە.

وا بڕیارە، دوای کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەکە شاندی هەرێمی کوردستان ئامادە دەبن بۆ گەڕانەوە بۆ بەغدا و دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ و دانوستانەکانیان.