سەردێڕ:

کاوە عەبدولقادر: هەوڵەکانمان بۆ لابردنی بازگەکانی نێوان ھەولێر و سلێمانی بەردەوامن

فۆتۆ: 
2020-07-08

6784 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، لە هەوڵەکانیان بۆ لابردنی بازگەکانی نێوان پارێزگاکانی ھەولێر و سلێمانی بەردەوامن و دەشڵێت، "گەشبین نیم، چونکە پێم وایە هەمیشە بەرژەوەندی پارتی و یەکێتی لە دروستکردنی دوو ئیدارەیی و لە یەکتر دابڕاندنی شارەکانە."

کاوە عەبدولقادر پەرلەمانتاری نەوەی نوێ و ئەندامی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، "سەبارەت بە لابردنی بازگەکانی نێوان پارێزگاکانی ھەولێر و سلێمانی ھەوڵەکانمان بەردەوامن، بۆ ئەو مەبەستەش پێشتر نووسراوێکی فەرمیم ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران کردبوو، لەوێشەوە نووسراوەکەم ئاڕاستەی وەزارەتی ناوخۆ کراوە."

باسی لەوەشکردووە، "ئەگەر حکومەت ئەم ھەنگاوە بنێت، چیتر کێشە سیاسیەکان لە بازگەکانی دێگەڵە و گۆمەسپان و ھیران و شێخ مەمودیان و زینی وەرتێ دووبارە نابنەوە."

کاوە عەبدولقادر دەشڵێت، "ھەرچەندە من گەشبین نیم، چونکە پێم وایە ھەمیشە بەرژەوەندی پارتی و یەکێتی لە دروستکردنی دوو ئیدارەیی و لە یەکتر دابڕاندنی شارەکانی کوردستانە و ھەمیشە ئەو دوو حزبە بەرژەوەندی حزبیان خستووەتە سەروی بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتیمانی"، ئاماژەی بەوەشکردووە، "تا پارتی و یەکێتی لەدەسەڵات بن، زۆنی زەرد و سەوزیش ھەردەمێنێ."

بازگەکانی نێوان هەولێر و سلێمانی لە سەردەمی شەڕی ناوخۆدا دروستبوون و زۆر جار بۆ مەبەستی حزبی و ململانێ لەنێوان یەکێتی و پارتی بەکارھێنراون، لە ئێستاشدا دوای یەکگرتنەوەی ھەردوو ئیدارەی سلێمانی و ھەولێر، ئەو بازگانە هەڵنەگیراون و ھەر کاتێک پەیوەندییەکانی ئەو دوو حزبە ئاڵۆزیی تێبکەوێت، ئەو بازگانە بۆ ڕێگریکردن لە بەرپرسانی یەکتر بەکاردێنن.