سەردێڕ:

وەزیری کارەبا: لەم مانگەدا بڕی بەرهەمهێنانی کارەبا زیاد دەکەین

فۆتۆ: 
2020-07-08

21420 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری کارەبای هەرێم رایگەیاند، بۆ ئەم مانگە بڕی بەرهەمهێنانی کارەبا زیاد دەکەن و هەوڵدەدەن ڕۆژانە ١٧ کاتژمێر کارەبای نیشتمانی بدەنە هاوڵاتیان.

کەمال محەمەد وەزیری کارەبای هەرێم بە ماڵپەری فەرمی پارتی راگەیاندووە، لەم مانگەدا لە بەنداوی دووکان ٢٧٥ مەتری موکەعەب لە چرکەیەکدا ئاو بەردەدرێتەوە، ئەوەش بووەتە هۆکاری زیادبوونی بەرهەمهینانی کارەبای بەنداوی دووکان لە ١٢٠ مێگاواتەوە بۆ ٢٠٠ مێگاوات، لە دەربەندیخانیش بەرهەمێهێنانی کارەبا لە ٧٠ مێگاوەتەوە بۆ ٩٠ مێگاوات زیادبووە.

باسی لەوەشکردووە، جگە لە بەنداوەکان، چەند ڕێککەوتنێکی دیکەیان کردووە بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا، کە ١٥٠ مێگاوات لە خەبات زیادبووە و پێدەچێت هەفتەی داهاتووش ١٥٠ مێگاواتی دیکەش لە هەمان وێستگە زیادبکەن.

دەشڵێت، ڕێککەوتنێکی دیکەیان کردووە بۆ دابینکردنی هەزار مێگاوات کارەبا لە ماوەی ٣٠ مانگدا، هەروەها ڕێکەوتنی زیادکردنی ٣٠٠ مێگاوات کارەبای بەرهەمهاتوویان کردووە لە پرۆژەکانی ئاودا لە سنوری سۆران و زاخۆ و ڕاپەڕین و گەرمیان، بەڵام بەهۆی کۆرۆناوە دەستنەکراوە بە جێبەجێکردنی، لەلایەکی دیکەشەوە ڕێکەوتن کراوە بۆ بەرهەمهێنانی ١٦٥ مێگاوات کارەبا لە گەرمیان کە لەرێگەی غازەوە بەرهەم دەهێنرێت.

بەوتەی وەزیری کارەبای هەرێم مانگی ڕابردوو، ڕۆژانە نزیکەی ١٦ کاتژمێر و ٣٠ خولەک کارەبا بە تێکڕا دابەشکراوە و هەوڵیشدەدەن بۆ ئەم مانگە پێدانی کارەبا لە ١٧ کاتژمێر کەمتر نەبێت.

ساڵانە لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزەکانی هاوین و زستان، بڕی پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا لە هەرێم کەمدەکرێنەوە و ئەوەش، نیگەرانی هاوڵاتیانی لێدەکەوێتەوە.