سەردێڕ:

تەندروستیی جیهانی لەسەر بڕیاری کشانەوەی ئەمریکا هاتەدەنگ

فۆتۆ: 
2020-07-08

6355 جار خوێندراوەتەوە

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی پشتڕاستی کردەوە، کە ئەمریکا بە فەرمی داوای کشانەوەی لە رێکخراوەکە کردووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، وتەبێژی رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند، "راپۆرتێکمان پێگەیشت کە ئەمریکا لە ٦ی ئەم مانگەدا، بە فەرمی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکانی ئاگادارکردووەتەوە، کە دەیەوێت لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بکشێتەوە."

ئاماژەی بەوەشکرد، "لە ئێستادا هیچ نازانرێت لە داهاتوودا چی روودەدات و لێکەوتەکانی ئەم بڕیارە چی دەبن."  

لەوبارەیەوە، رۆبێرت مێنێندیز سیناتۆری دیموکراتەکان لە کۆنگرێسی ئەمریکا رایگەیاند، ئەو هەنگاوەی سەرۆکی ئەمریکا هیچ سودێکی نابێت و وڵاتەکە زیاتر توشی نەخۆشی دەکات.

لەماوەی رابردوودا، بەرپرسانی باڵای ئەمریکا رەخنەیەکی زۆریان هەبوو لە رێکخراوی تەندروستی جیهانی بەوەی هاوکاریی وڵاتەکەیان لە روبەڕوبوونەوەی کۆرۆنادا ناکات و زیاتر خزمەتی چین دەکات.  

لەگەڵ ئەوەشدا، گومانی ئەوەشیان لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هەبوو، کە زانیارییەکانی لەبارەی کۆرۆناوە شاردووەتەوە و کەمتەرخەم بووە.