سەردێڕ:

تاعونی ڕەش چییە کە لە چین بڵاوبووەتەوە؟

فۆتۆ: 
2020-07-07

38646 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی دەسەڵاتدارانی چین حاڵەتێکی توشبوون بە تاعونی ڕەشیان لە هەرێمی بەیانوری باکوری وڵاتەکە تۆمارکرد، رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند، کەسە توشبووەکە کەرەنتینکراوە و بابەتەکە لە ئاستێکی مەترسیداردا نییە.

ماڵپەڕی بی بی سی بڵاویکردەوە، کە دەسەڵاتدارانی چین بەدوای حاڵەتی دیکەی توشبوون بە تاعونی ڕەشدا دەگەڕێن و تا ئێستا خۆشبەختانە هیچ حاڵەتێکی دیکەیان تۆمارنەکردووە.

بەڵام ئایا تاعونی ڕەش چییە؟

تاعونی ڕەش لە کوردەواریدا بە (تاعونەڕەشە) ناسراوە و لە جیهانیشدا لەبەر گۆڕانی رەنگی توشبوو بۆ رەنگی ڕەش ئەو ناوەی لێنراوە.

لە رووی زانستییەوە، تاعونی ڕەش بەهۆی چەند بەکتریایەکەوە دروستدەبێت کە بە یارسینیا ناسراون و لەسەر جەستەی هەندێک لە ئاژەڵەکان، بە تایبەتی جرجەکان، دەژین.

لە ساڵی ٢٠١٠وە تاوەکو ٢٠١٥ زیاتر لە سێ هەزار حاڵەتی توشبوون بە تاعونی ڕەش لە سەرانسەری جیهاندا تۆمارکراوە کە ٥٨٤ کەسیان گیانیان لەدەستداوە.

لە رووی مێژوویشەوە، نەخۆشی تاعون بە گشتیی یەکێک بووە لە مەترسیدارترین هۆکارەکانی گیانلەدەستدان و تێکچوونی کۆمەڵگاکان و تاعونی ڕەشیش بەشێک بووە لەو مێژووە.

زانایان لەبارەی چۆنێتی نەخۆشی تاعونی ڕەشەوە دەڵێن، کاتێک کەسێک توشی دەبێت، ئەوا لە دوو بۆ شەش رۆژ نەخۆشدەکەوێت و لەو ماوەیەدا لوی گەورە لە بنباڵ و بەشەکانی دیکەی جەستەی دەردێت و لەگەڵ ئەوەشدا، تا و کۆکە و ئازاری سنگ و هەناسەتەنگیی بۆ کەسی توشبوو پەیدادەبێت.

لە کۆتاییەکانی پارەوە، ڤایرۆسێکی نوێی پێشتر ئەزموننەکراو بەناوی کۆرۆنای نوێ لە وڵاتی چینەوە بڵاوبووەتەوە و تاوەکو ئێستا ملیۆنان کەسی توشکردووە و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.

لە ماوەی نزیکی رابردووشدا، ژمارەیەک زانای ئەمریکی ئاماژەیان بە بڵاوبوونەوەی ئەنفلۆنزایەک لە چین کرد کە لە بەرازەوە بڵاوبووەتەوە و چەن حاڵەتێکی لێ تۆمارکراوە.