سەردێڕ:

ئەمریکا بە فەڕمی لە رێکخراوی تەندروستی جیهانی کشایەوە

فۆتۆ: 
2020-07-07

10047 جار خوێندراوەتەوە

ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ کۆنگرێسی وڵاتەکەی ئاگادارکردووەتەوە، کە ئەمریکا بەشێوەیەکی فەڕمی لە رێکخراوی تەندروستی جیهانی کشاوەتەوە.

ماڵپەڕی سی ئێن ئێن بڵاویکردەوە، کە ئەم بڕیارەی ئیدارەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دوای بەرزبوونەوەی بەرچاوی رێژەی توشبوون دێت لەو وڵاتەدا.

لەوبارەیەوە، رۆبێرت مێنێندیز، سیناتۆری سەر بە دیموکراتەکان لە کۆنگرێسی ئەمریکا رایگەیاندووە، کە ئەو هەنگاوەی سەرۆکی وڵاتەکەیان هیچ سودێکی نابێت و وڵاتەکە زیاتر توشی نەخۆشی دەکات.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش بە سی ئێن ئێنی راگەیاندووە، کە دوێنێ، ٦ی تەمموزی ٢٠٢٠، لە رێگەی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە، بە نوسراوی فەڕمی کشانەوەی خۆیان لە رێکخراوی تەندروستی جیهانی راگەیاندووە.

لەماوەی رابردوودا، بەرپرسانی باڵای ئەمریکا رەخنەیەکی زۆریان هەبوو لە رێکخراوی تەندروستی جیهانی بەوەی هاوکاریی وڵاتەکەیان لە روبەڕوبوونەوەی کۆرۆنادا ناکات و زیاتر خزمەتی چین دەکات.

لەگەڵ ئەوەشدا، گومانی ئەوەشیان لە رێکخراوی تەندروستی جیهانی هەبوو کە لەبارەی کۆرۆناوە زانیارییەکانی شاردووەتەوە یان کەمتەرخەم بووە.