سەردێڕ:

كۆریای باكور جارێكی دیكه‌ كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا ره‌تكرده‌وه

فۆتۆ: 
2020-07-07

3212 جار خوێندراوەتەوە

بەر لە سه‌ردانه‌كه‌ی نوێنه‌ری تایبه‌تی ئه‌مریكا بۆ كاروباری كۆریای باكور، كۆریای باكور جارێكی دیكه‌ ئه‌گه‌ری كۆبوونه‌وه‌ی پیۆنگیانگ و واشنتۆنی ره‌تكرده‌وه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، كه‌ نیازی كۆبوونه‌وه‌یان نییه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مریكادا.

 ئاژانسی هه‌واڵیی ناوه‌ندی كۆریای باكوور (KCNA) بڵاوی کردەوە، كوۆن جۆنگ گون سه‌رۆكی ئیداره‌ی كاروباری ئه‌مریكا له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی كۆریای باكور، له‌ راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ''ته‌نانه‌ت دوای ئه‌وه‌ی جۆی سۆن هوی جێگری یه‌كه‌می وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ به‌ڕوونی رایگه‌یاند، كه‌ كۆریای باكور دانوستان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكادا ناكات، كه‌سانێك هه‌ن باس له‌ نێوه‌ندگیری له‌نێوان هه‌ردوو وڵات ده‌كه‌ن''.

باسی لەوەشکرد، ''ئه‌گه‌ر پێویست بكات به‌ڕوون و ئاشكرایی بوترێت، ئه‌وا نیه‌تمان نییه‌ بۆ دانیشتنی روبه‌ڕو له‌گه‌ڵ ئه‌مریكادا''.

ئەوەشی خستەڕوو، "جۆی سۆن پێش ماوه‌یه‌كی كه‌م له‌مه‌وبه‌ر به‌ڕوونی هه‌ڵوێستی له‌باره‌ی ئه‌و ده‌نگۆیانە خسته‌ڕوو كه‌ لەبارەی لوتكه‌ی كۆریای باكور - ئه‌مریكا هەن و باسی له‌وه‌شكرد، هه‌وڵه‌كانی كۆریای باشور بۆ نێوه‌ندگیری بێهوده‌ ده‌بن."

ئەوەش لە کاتێکدایە، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ئەمڕۆ سێشەممە، ستیفن بیگن جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌باره‌ی دانوستانه‌ ئه‌تۆمییه‌كان كه‌ دواخراون، بگاته‌ سیئۆلی پایته‌ختی كۆریای باشور.

هاوکات، جۆی سۆن هوی جێگری یه‌كه‌می وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی کۆریای باکور، رۆژی شه‌ممه‌ له‌ لێدوانێكیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردبوو، هه‌تا ئه‌مریكا واز له‌ سیاسه‌ته‌ دوژمنكارانه‌كانی نه‌هێنێت به‌رامبه‌ر حكومه‌تی پیۆنگیانگ، ئه‌وا پلانیان نییه‌ درێژه‌ به‌ دانوستانه‌ ئه‌تۆمییه‌كان بده‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌دا و دەشڵێت، ''ئایا كۆبوونه‌وه‌ یان رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا گونجاوه،‌ كه‌ ئه‌و رێككه‌وتنانه‌ی پشتگوێ خستووه‌ كه‌ له‌ لوتكه‌كه‌ی پێشتردا كراون و درێژه‌ به‌ سیاسه‌ته‌ دوژمنكارانه‌كانی ده‌دات به‌رامبه‌ر كۆریای باكور؟''.

رۆژی پێنجشه‌ممەی رابردوو، جۆن بۆڵتۆن راوێژكاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانیی ئه‌مریكا له‌ لێدوانێكیدا بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كردبوو، كه‌ پێده‌چێت سه‌رۆكی ئه‌مریكا، دۆناڵد تره‌مپ بەر لە هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ مانگی تشرینی یه‌كه‌مدا، لوتكه‌یه‌كی له‌ناكاو له‌گه‌ڵ كیم جۆنگ ئون سەرکردەی كۆریای باكور ئه‌نجامبدات.

- دانوستانه‌ ئه‌تۆمییه‌كانی نێوان ئه‌مریكا و كۆریای باكوور

سه‌رۆكی ئه‌مریكا، دۆناڵد تره‌مپ و سەرکردەی كۆریای باكوور، كیم جۆنگ-ئون بۆ یه‌كه‌مجار له‌ ١٢ی حوزه‌یرانی ٢٠١٨دا له‌ سینگاپور كۆبوونه‌وه‌ و رێككه‌وتن له‌سه‌ر داماڵینی نیمچه‌دوورگه‌ی كۆریا له‌ چه‌كی ئه‌تۆمی و ده‌سته‌به‌ركردنی ئاشتیی درێژخایه‌ن.

هه‌روه‌ها له‌ ٢٦-٢٧ی شوباتی ٢٠١٩دا، جارێكی دیكه‌ هه‌ردوو سه‌ركرده‌ له‌ ڤیێتنام  كۆبوونه‌وه‌، به‌ڵام لووتكه‌كه‌ دوور له‌ چاوه‌ڕوانییه‌كان به‌خێرایی و به‌بێ رێككه‌وتن كۆتایی هات.

دوایین جاریش له‌ ٣٠ حوزه‌یرانی ٢٠١٩دا، هه‌ردوو سه‌ركرده‌ گفتوگۆیان كرد له‌باره‌ی ناوچه‌ی داماڵدراوی چه‌ك له‌نێوان كۆریای باكوور و باشووردا و بڕیاردرا به‌ درێژه‌دان به‌ قۆناغی دانوستانی ئه‌تۆمی.

 به‌رپرسانی كۆریای باكوور به‌ بیانوی ئه‌وه‌ی ئه‌مریكییه‌كان به‌رده‌وامن له‌سه‌ر‌ هه‌ڵوێست و كاری پێشوویان‌، ئه‌و كۆبوونه‌وانه‌یان راگرت كه‌ له‌سه‌ر ئاستی كار له‌ تشرینی یه‌كه‌می ٢٠١٩دا له‌نێوان هه‌ردوو وڵات له‌ سوید به‌ڕێوه‌چوو.