سەردێڕ:

سەرۆکی پەرلەمان: پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی بڕیاری حکومەتی پێویستە

فۆتۆ: 
2020-07-07

3035 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی بڕیاری حکومەتی پێویستە بۆ روبەڕوبوونەوەی نفوزی کۆمپانیا و بازرگانە خاوەن دەسەڵاتەکان. دەشڵێت، "یاسایەکیشی بۆ پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی دەوێت."

ئەمڕۆ سێشەممە، رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، "گرێی (پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی) بە یەک وەزارەت و لای يەک وەزیر ناکرێتەوە، بەرپرسیارێتیەکە هاریکارانە و دەستەجەمعیە، تەنها ئەوکاتە ئەتوانین دڵنیاییبدەینە بەرهەمهێنی کوردستانی کە دروشمە زۆر و زەوەندەکانی هەڵبژاردن و کارنامەی حکومەت بۆ هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات بە کرداریی بخرێتە بواری جێبەجێکردن."

دەشڵێت، "دەبێت سنوورەکان بەسەر ئەو هەموو کاڵا و بەرهەمە دەرەکییانەدا دابخرێن کە کاڵا و بەرهەمی خۆماڵی ناتوانێت کێبڕکێیان بکات و خۆی لە بەردەمیاندا ڕابگرێت."

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەمەش بە تەنیا بە وەزیری کشتوکاڵ ناکرێت، بەڵکو ئیرادە و بڕیاری حکومەتی بۆ روبەڕوبوونەوەی نفوزی کۆمپانیا و بازرگانە خاوەن دەسەڵاتەکان و یاسایەکیشی بۆ پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی ئەوێت کە لە بەرنامە و پلانی دەستێکی ئەم خولەی پەرلەمان بووە."

باسی لەوەشکرد، کە دەبێت حکومەت بەرپرسیارێتی دەستەجەمعی بۆ پێدانی دڵنیایی بە جوتیاران لە ئەستۆبگرێت و بەجۆرێک لە جۆرەکان ئەم دۆخی بێئومێدبوونەیان بۆ قەرەبوو بکاتەوە.

بەهۆی ساغنەبوونەوەی بەرهەمەکانیان لە بازاڕدا، رۆژانە جوتیارانی هەرێمی کوردستان بەرهەمەکانیان فڕێدەدەن و ئیدانەی نەبوونی پلانێک دەکەن بۆ بەفیڕۆنەچوونی ماندوبوونیان.