سەردێڕ:

لە تەقینەوەیەکی دیکەدا لە ئێران کوژراوی لێکەوتەوە

فۆتۆ: 
2020-07-07

7105 جار خوێندراوەتەوە

میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، تەقینەوەیەکی دیکە لە کارگەیەکی شارۆچکەی کەهریزکی نزیک بە تارانی پایتەختی ئەو وڵاتە روویداوە و تێیدا، دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەک کەسی دیکەش برینداربوون.

لەوبارەیەوە، ئەمین بابایی، سەرۆک شارەوانی شارۆچکەی کەهریزکی ئێران بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاندووە، کە بەهۆی تەقینەوەی کەپسولی ئۆکسجینی کارگەیەکەوە بووە و تێیدا دوو کەس کوژراون و ژمارەیەک کەسی دیکەش برینداربوون.

لەلایەکی دیکەوە، هەر ئەمڕۆ میدیاکان هەواڵی تەقینەوەی کارگەیەکی وزەی ئێرانیان لە شاری یەزد بڵاوکردەوە، بەڵام بەرپرسانی وڵاتەکە بە تەندی رەتیانکردەوە.

شایانی ئاماژە بۆ کردنە، ماوەیەکە زنجیرەیەک تەقینەوە، کە بە تەقینەوەی کارگەکان ناودەبرێن، لە وڵاتی ئێراندا روودەدەن و بەرپرسانی ئەو وڵاتەش روونکردنەوەیەکی ئەوتۆیان لەبارەوە نەداوە.

یەکەم تەقینەوەی ئەم دواییە، لە نزیک تارانی پایتەختی ئێران روویدا و میدیاکان بە تەقینەوە رەنگ پرتەقاڵییەکە ناساندیان و باس لەوەشکرا، کە تەقینەوەی کۆمەڵێک پێداویستی چەکی ئەتۆمی بووە و بەرپرسانی ئەو وڵاتە شاردوویانەتەوە.

چەند رۆژێک دواتریش، بەشێک لە کارگەیەکی کیمیایی لە ئەسفەهان تەقییەوەوە و بەرپرسانی ئێران باسیان لەوەکرد، کە نایانەوێت هۆکاری تەقینەوەکە ئاشکرابکەن.