سەردێڕ:

رێبەری جوڵانەوەی هاوڵاتیانی عێراق لایەنێک بە کوشتنی هاشمی تۆمەتبار دەکات

فۆتۆ: 
2020-07-07

9812 جار خوێندراوەتەوە

رێبەری جوڵانەوەی هاوڵاتیانی عێراق رایگەیاند، "ده‌نگۆی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ هیشام هاشمی چاودێری سیاسی و پسپۆڕی ئەمنی عێراق كه‌ له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك كه‌سی نه‌ناسراو له‌ به‌غدا كوژرا، بووبێته‌ ئامانجی لیواكانی حزبوڵڵا كه‌ له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ پشتیوانی ده‌كرێت."

ئەمڕۆ سێشەممە، غەیس ئەلتەمیمی رێبەری جوڵانەوەی هاوڵاتیانی عێراق لە تویتێکدا وێنەی نامەی گفتوگۆی خۆی لەگەڵ هیشام هاشمی چاودێری سیاسی و پسپۆڕی ئەمنی عێراق بڵاوکردەوە، تیایدا هاشمی باس لەوە دەکات کە لەلایەن یەکەکانی سەر بە حزبوڵا نامەی هەڕەشەی کوشتنی بەدەست گەیشتووە.

لە تویتەکەدا غەیس نوسیویەتی، "هەروەک چۆن پەیمانی وەفاداریم پێدابووی، بێدەنگ نابم و لە ڕێگای شاردنەوەی بەڵگەکانەوە لە ڕای گشتی بەشداری لەم تاوانەدا ناکەم."

هاوکات، پەیامێکی ئاراستەی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە و نوسیویەتی، "براکەم مستەفا، ئێستا ئیتر بەرپرسیارێتی تۆیە."

لەلایەکی دیکەوە، مەعەن حه‌بیب هاوڕێی هاشمی، له‌ هه‌ژماری فه‌رمی خۆی له‌ تۆڕە كۆمه‌ڵایه‌تییەکان نوسیویه‌تی، "لیواكانی حزبوڵا هاشمییان كوشتووه‌."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، له‌و گفتوگۆیه‌ی هه‌فته‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر لەگەڵ هاشمی کردوویەتی پێی گوتووه،‌ "لیواكانی حزبوڵڵا هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتنیان لێ كردووه‌".

هیشام هاشمی كه‌ له‌به‌رده‌م ماڵه‌كه‌ی خۆیدا له‌ به‌غدای پایته‌خت كرایه‌ ئامانج و کوژرا، ره‌خنه‌ی له‌ هه‌ڵوێستی گروپه‌ چه‌كداره‌ شیعه‌كانی نزیك له‌ ئێران ده‌گرت به‌رامبه‌ر ده‌وڵه‌ت و داكۆكی له‌وه‌ ده‌كرد، حكومه‌ت پێویسته‌ سه‌ربه‌خۆ بێت له‌ ده‌ره‌وه‌ی مه‌زهه‌بگه‌رایی.

Image

Image

Image