سەردێڕ:

زیانەکانی ئاگرکەوتنەوەکەی دوێنێی چیای ئەزمەڕ ئاشکراکرا

فۆتۆ: 
2020-07-07

5736 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی سلێمانی رایگەیاند، ٤٠٠ درەخت و نەمامی سنەوبەر کە تەمەنیان لە دوو ساڵ بۆ ٢٥ ساڵە لە ئاگرەکەی چیای ئەزمەر لە شاری سلێمانی سووتاون.

بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی سلێمانی رایگەیاند، ''تەنها رووبەڕی ٦٠ دۆنم لە کۆی ٢٠٠ دۆنمەکە دارستان و نەمامی لێ بووە، لەوانە ٤٠٠ داری چەقالە و چوالەیە و سروشتی ئەو جۆرە درەختانە وایە کە دەتوانێت ساڵێکی تر سەرهەڵبداتەوە، هاوکات ٢٠٠ نەمامی دوو ساڵەی سنەوبەر لەو بەشەدابوون کە گڕیان گرتووە، ئەمانە سووتاون، ٢٠٠ درەختی گەورەی سنەوبەریش کە تەمەنیان ٢٠-٢٥ ساڵ دەبێت سووتاون و هەندێکیان ئومێد هەیە کە رزگاریان بێت لە وشکبوون".

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەمرۆ تیمەکانمان هاوشانی تیمەکانی شارەوانی سەرقاڵی ئاودانی درەخت و نەمامەکان بوون بۆ ئەوەی بتوانن ئەو درەختانەی کە بواریان هەیە رزگار بکرێن تاوەکو ساڵێکی دیکە سەرهەڵبدەنەوە."

دوێنێ دووشەممە لە شاخێکی چیای ئەزمەر ئاگرکەوتەوە و لەئێستادا تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی دارستان و پاوانی سلێمانی سەرقاڵی ئاودانی نەمام و درەختەکانن کە بەهۆی ئاگرەکەوە زیانیان بەرکەوتووە.