سەردێڕ:

شوانێک بە تەقەی هێزەکانی سوپای پاسداران لە سەردەشت کوژرا

فۆتۆ: 
2020-07-07

1714 جار خوێندراوەتەوە

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایگەیاند، هێزەکانی سوپای پاسداران لە بەرزاییەکانی سنوری دەشتی وەزێنەی سەردەشت، تەقەیان لە شوانێک کردووە و کوشتوویانە.

رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، شوانەکە ناوی یوسف ئەحمەدیە و خەڵکی گوندی ئاڵواتان سەر بە ناوچەی میراوای سەردەشت بووە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و کاتژمێر ٣ی بەیانی ڕۆژی سێشەممە ٧ی تەموز تەقەی لێکراوە و کوژراوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، ڕۆژی ٣ی ئەم مانگە هێزەکانی سوپای پاسداران لە سنوری پیرانشار لە کاتێکدا تەقەیان لە ئاژەڵدارانی هەرێمی کوردستان کردووە، کە چەند کیلۆمەترێک دووربوون لە سنورەکانی ئێران و لە ئاکامی ئەو تەقەیە، کە بە بی کەی سی کراوە، شوانێکی تەمەن ١٧ ساڵ بە ناوی ڕێبین ئیسماعیل بە سەختی بریندار بووە.

رێکخراوەکە باسی لەوەش کردووە، لە ماوەی ڕابردوودا لە کاتی گواستنەوەی چەک و تەقەمەنی بۆ سنورەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن سوپای پاسدارانەوە، ئەو سوپایە هۆشداری دابوو بە هاوڵاتیانی مەدەنی سەر سنورەکان لە ئەگەری تەقەلێکردنیان.