سەردێڕ:

'کەناڵەکانی پارتی شەڕی دەروونی لەگەڵ سلێمانی و گەرمیان دەکەن'

فۆتۆ: 
2020-07-07

28549 جار خوێندراوەتەوە

بەشێک لە هاوڵاتیان باسی ئەوە دەکەن کەناڵەکانی سەر بە پارتی شەڕی دەرونی لەگەڵ خەڵکی سلێمانی و گەرمیاندا دەکەن و لەو شەڕەشدا بەرپرسانی سنوورەکە بەشدارن.

ئەگەر لە ماڵێکی سلێمانی گرژیی لەنێوان ئەندامانی خێزانەکەدا دروستبێت، ڕووداو و کوردستان ٢٤ دەیکەن بە مانشێتی گەورەو ڕوماڵی تایبەتی لەسەردەکەن، کەچی گەر هاوڵاتیانی هەولێر و دهۆک هەمویان وەک جۆرج فلۆید بخێنکێندرێن، ئەم دوو کەناڵە مێش میوانیان نییە و باسی هەواڵی هونەرییەکان و جوانییەکانی ژیان دەکەن، هەر لەبەر ئەمەشە کاکی داواکاری گشتی داوای داخستنی ئێن ئاڕ تی دەکات، بۆ ئەوەی شارەکانی تری کوردستان بەو شێوەیە ببینن کە ڕووداو و کەی ٢٤ بۆمانی وێنا دەکەن یان پیشانی دەدەن، سلێمانی وەکو وێرانە و ناوچەی فەوزا، هەولێر و دهۆکیش نمونەی ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی و سەقامگیریی.

ئەمە خوێندنەوەی دکتۆر ئیسماعیل نامیق مامۆستای زانکۆ و ئەندامی پێشووی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان بوو بۆ ڕوماڵ و بەرنامەکانی کەناڵەکانی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت دژى هاوڵاتیانی پارێزگای سلێمانی و گەرمیان.

بەپێی قسەی بەشێکی زۆری هاوڵاتیان ئەو شەڕە دەرونییەی کە کەناڵەکانی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت بەرامبەر هاوڵاتیانی سلێمانی و گەرمیان دەیکەین، بەرپرس و دەسەڵاتدارانی سلێمانیش تیایدا بەشدارن، چونکە هەر ئەوانن لەو کەناڵانەوە دەردەکەون و زانیارییان دەدەنێ، وە هەر بەرپرسانی سلێمانین کە بەردەوام کێشە بۆ شارەکە و پرۆژەکانی شارەکە دروست دەکەن و هەروەها زانیاری مەترسیدار و ناراست بڵلاو دەکەنەوە.

هاوڵاتی دیار جەمال لەو بارەیەوە نوسیویەتی، هەمووی خەتای دەسەڵاتدارانی سلێمانییە کە دەهێڵن ئاوا بە ئاسانی یاری بە هەست و نەستی خەڵکی ئەمشارە بێ نازە بکەن.

بەشێک لە هاوڵاتیان لەزۆرێک لە پۆستەکانیاندا ئاماژە بەوە دەکەن کە بەرپرسانی سلێمانی بە ئەنقەست لەڕێگەی کەناڵەکانی سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی هەرێمەوە داتای ناڕاست و مەترسی بڵاودەکەنەوە و سلێمانی و گەرمیان وەک زۆنێکی کارەساتبار وێنادەکەن.

بەشێکی تر لە هاوڵاتیانیش باسلەوەدەکەن کە کە دەسەڵاتداران و لایەنەکانی پارێزگای سلێمانی و گەرمیان هیچ ئەجێندا و پلانێکیان نییە تا ڕوبەڕوی ئەم ئەجێندا ترسناکە ببنەوە کە نزیکەی ٢٠ ساڵە ڕوبەروی ئەو ناوچەیە دەبێتەوەو پارتی و کەناڵەکانی دەیانەوێت ئەو ناوچەیە لەڕوی ئابوری و دیبلۆماسی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و وزەوە بخەن و لاوازی بکەن.

بەپێی ئەو داتایانەی پێشتر وەزارەتی پلاندانانی هەرێم بڵاویکردووەتەوە، ساڵانە لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی ٢٤ هەزار کەس بە مردنی ئاسایی و نەخۆشی و ڕووداوی هاتوچۆ و چەندین ڕووداوی تر گیانلەدەستدەدەن کە دەکاتە تێکڕای ٦٦ کەس بۆ یەک رۆژ، بەڵام لە ئێستادا بە تێکڕایی ١٠ کەس بە کۆرۆنا گیانلەدەستدەدەن، هەرچەندە بەشێک لەوانەش نەخۆشی تریان هەیە ، بە واتایەکی تر،  تا یەک کەس بەهۆی کۆرۆناوە لەهەرێمی کوردستان گیانلەدەستدات، ئەوا  ٦ کەسی تر بەنەخۆشی و ڕوداوی تر گیانلەدەستدەدەن.

هەروەها گەر سلێمانیش وەک نمونە وەربگیرێیت، تا کەسێک بە کۆرۆنا گیانلەدەستدەدات سێ کەسی تر بەنەخۆشی و ڕووداوی تر رۆژانە گیانلەدەستدەدەن.بەلام ئەوەی لە میدیا و بەرپرسانی سلێمانی و حکومەتی هەولێرەوە باس دەکرێن، تەنها زەقکردنەوەی گیانلەدەستدانە بە هۆی کۆرۆناوە.

ئامارەکانی نەخۆشخانەی شار کە تاکە نەخۆشخانەی فریاکەوتنە لەناو شاری سلێمانی، لە مانگی شەشی ئەمساڵ تەنها ١١٢ کەس گیانیلەدەستداوەو بەشێکیان بەهۆی کۆرۆناوە بووە لە کاتێکدا هەمان مانگی ساڵی پار ١٣٧ کەس گیانیلەدەستداوە کە کۆرۆناش بوونی نەبووە، واتە ئەمساڵ لە مانگی شەشدا ٢٥ کەس کەمتر گیانیان لە دەستداوە بەبەراوردی مانگی شەشی ساڵی پار، کە ئەمە ئەوە دەگەێنێت دۆخی سلێمانی و گەرمیان بەوشێوەیە نییە کە بەرپرسانی سلێمانی لە میدیاکانی پارتییەوە مانگێک پێش ئێستا دەیانوت، هەفتەیەکی تر کارەسات ڕودەدات و تەرم لەسەر شەقامەکان دەکەوێت.

بەپێی ڕای زۆرێک لە چالاکانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان ئەوەی ئێستا سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت بەرامبەر سلێمانی و گەرمیان پەیڕەوی دەکەن تەنها بۆ لێدانە لەو دەنگە ناڕازییانەی بەرامبەر سیاسەتی شکستخواردی ئابوری سەربەخۆی پارتی و شەریکەکەی کە یەکێتی یە بەرزبووەتەوە.لە هەمان کاتیشدا ترساندنی خەلکی هەولێر و دهۆکە بەوەی کە ئەگەر ئەو دەسەلاتە نەبیت ئەوا دۆخی ئەو دوو شارەش خراپ دەبێت. لە کاتێکدا کێشەی گەورە و سەرەکی خەڵک نەبونی خزمەتگوزاری و بازار و موچە و چەندین کێشەی ترە.لە پاڵ کێشەی پەتا و سیستەمی تەندروستی هەرێم.

جگە لەو دوو بەرپرسەی پارتی، ئەوەی جێی سەرنجە یەکێتی و سەرکردایەتیە نوێکەی  سەرقاڵی هەندێک لێکتێگەیشتنی نوێن لەگەڵ پارتی بۆ وەرگرتنی هەندێک پۆستی نوێ لە حکومەتدا، بێ ئەوەی هیچ پلانێکیان هەبێت بۆ پاریزگای سلێمانی و ئەو سنورەی کە لەژێر دەسەڵاتی یەکێتیدایە.