سەردێڕ:

تورکیا و عێراق لە بارەی هێرشەکانەوە وەڵامی یەکتر دەدەنەوە

فۆتۆ: 
2020-07-06

9167 جار خوێندراوەتەوە

تورکیا و عێراق لە بارەی هێرشەکانی سەر سنورەکانی هەرێمی کوردستانەوە وەڵامی یەکتر دەدەنەوە، عێراق دەڵێت، "کارتی ئابوری بەکاردێنن"، تورکیاش دەڵێت، "ئەوە روونکردنەوەی بێ بنەمایە."

سوپای تورکیا لە ١٥ی حوزەیرانەوە هێرشەکانی بۆ سەر سنورەکانی هەرێمی کوردستان فراوانتر کردووە و ناویشی لێناوە ئۆپراسیۆنی چنگی پڵنگ، هاوکات هێزی تایبەتیشی لە چەندین ناوچەی سنوری پارێزگای دهۆک جێگیرکردووە، کە ئەوەش عێراقی نیگەران کردووە.

ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق به‌ ئاژانسی سپۆتنیكی ڕوسی راگەیاندووە، عێراق سەرچاوەی هێزی زۆری بەدەستەوەیە بۆ ئەوەی بەرامبەر توركیا بەكاری بهێنێت، بە تایبەت كە ئێستا دەیان كۆمپانیای ئابوری وەبەرهێنانی توركیا لە عێراقدا بونیان هەیە.

ڕاشیگەیاندوە، عێراق ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ توركیا هەیە، كە ساڵانە بە بڕی ١٦ ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق باسی لەوەش کردووە، یاسا نێودەوڵەتییەكان دەستەبەری مافی عێراق دەكه‌ن و دەكرێت پەنا بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ببەن و داوای كۆبوونەوەیەكی بەپەلەی لێبكەن بۆ تاوتوێكردنی پێشێلكارییەكانی توركیا لە ناوچە سنورییەكانی خاكی عێراق.

ئاماژەی بەوەشکرد، دەتوانن پەنا بۆ كۆمكاری عەرەبی و رێكخراوی هاریكاری ئیسلامی ببەن دژی هێرشەکانی تورکیا.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەوەشی خستووەتەڕوو، تا ئێستا دووجار باڵیۆزی توركیایان لە بەغدا بانگهێشت كردووە و ناڕەزاتی خۆیان پێڕاگەیاندووە و دووپاتیان كردووەتەوە، کە ئەو هەنگاوەی توركیا لێكەوتەی باشی نابێت.

بەڵام تورکیا لەگەڵ ئەوەی لە هێرشەکانی بەردەوامە، وەڵامی عێراقێش دەداتەوە و هێرشەکان بە مافی ڕەوای خۆی دەزانێت.

حامی ئاکسۆی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە وەڵامی راگەیەندراوەکانی سەرۆک وەزیران و وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، لە كاتى خۆيدا وەڵامى پێويستیان داوەته‌وه‌ بە لايەنەكانى عێراق لە بەرامبەر ئەو لێدوانانەيان كه‌ لە دژى ئۆپەراسيۆنەكانى چنگی پڵنگ و چنگی هەڵۆ داویانە، كە بۆ سەر پەكەكە لە عێراق بەڕێوه‌دەچێت، لە ئێستاشدا لەلايەن لايەنە عێراقييەكانەوە روونكردنەوەى نوێ و بێبنەما دێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، جارێكى ديكە ئەوە بەبیردەهێننەوە كە ئامادەن بۆ هەماهەنگى لە بەرەنگاربوونەوەى هاوبەش لە دژى پەكەكە كە هەڕەشه بۆ سەر ئاسايش و سەروەرى عێراق دروستدەكات.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا راشیگەیاندووە، توركيا لە دژى هەر هێرشێک كە سەرچاوەكەی لە خاكى عێراقەوە بێت لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتیەکان بە مافی رەوای خۆی دەزانێت رێکاری پێویست بگرێتەبەر.

ئەگەرچی سوپای تورکیا چەندین ساڵە هێرش دەکەن، بەڵام هێرشەکان ئەمجارە فراوانترە و پێدەچێت لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی هەر ناوچەیەکدا بمێننەوە، هەر ئەوەش عێراقی توشی نیگەرانیی کردووە.