سەردێڕ:

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی: هشام هاشمی چاودێری سیاسی لە بەغداد کوژرا

فۆتۆ: 
2020-07-06

12022 جار خوێندراوەتەوە

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە بەغدا رایگەیاند، کەمێک پێش ئێستا لە بەغدا، تەقە لە هشام هاشمی چاودێری سیاسی عێراق، کراوە و دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.

ئومێد محەمەد پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە بەغدا رایگەیاند، "هشام هاشمی کە چاودێرێکی سیاسی عێراقە، لە بازاڕی زەیونە تەقەی لێکرا و گەیەندرایە نەخۆشخانەی ئبن نەفیس و لەوێ بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا."

ئاماژەی بەوەشکرد، "بەپێی زانیارییەکانی دەست ئێن ئاڕ تی کەوتووە، ماتۆڕسکیلێک کە دوو چەکداری لەسەر بووە، تەقەیان لێکردووە و هەڵهاتوون."

هیشام هاشمى لەساڵى ١٩٧٣ لە بەغدا لە دایکبووە و توێژەری کاروباری ئەمنی و ستراتیژی و گروپە توندڕەوەکان بووە، جگە لە چەند کتێبێکى چاپکراو گۆشەنووسى تایبەتى چەندین رۆژنامە و گۆڤارى عەرەبی و بیانیی بووە.