سەردێڕ:

حاکم شێخ لەتیف: خزمەتى پێنج دادوەر کە تەمەنی خانەنشینیان تەواوکردووە درێژکراوەتەوە

فۆتۆ: 
2020-07-06

8356 جار خوێندراوەتەوە

دادوەر لەتیف مستەفا ڕایگەیاند، لەم کەرەنتینەیەدا ئەنجومەنی دادوەری بەبێ پاڵپشتی یاسایی بڕیاریداوە بە درێژکردنەوەی ماوەی خزمەتی پێنج دادوەر کە تەمەنی خانەنشینی واتە ٦٥ ساڵیان تەواوکردووە.

دادوەر لەتیف مستەفا لە نوسراوێکدا لە فەیسبوکى خۆى نوسیوێتى، "لەم کەرەنتینەیە ئەنجومەنی دادوەری بڕیاریداوە بە درێژکردنەوەی ماوەی خزمەتی پێنج دادوەر کە تەمەنی خانەنشینی واتە ٦٥ ساڵیان تەواوکردووە بەبێ پاڵپشتی یاسایی، لەکاتێکدا ئەم کابینەیە لەکاتی دەست بەکاربوونیدا و لە کارنامەکەیدا چاکسازی و رێگرتن لەکاری نایاسایی تەوەری سەرەکی کارنامەکەی بوو"، دەشڵێت، "دیارە لە کوردستان یاسای دەسەڵاتی دادوەری رێگا بە درێژکردنەوەی خزمەتی دادوەری نادات دوای تەواوبوونی تەمەنی یاسایی کە ٦٥ ساڵە".

ئاماژەى بەوەشکردووە، "ئەنجومەنی دادوەری پشتی بەیاسایەکی فیدراڵی بەستووە کە ئەویش یاسای ژمارە ٣٩ی ساڵی ٢٠١٢ەو لە پەرلەمانی کوردستان نەفازی بۆ نەکراوە، بۆ ئەم مەبەستەش پشتی بە ڕای ئەنجومەنی شورا بەستووە کە لە ساڵی ٢٠١١ و ٢٠١٢ دەریبڕیوە".

ئەوەشى خستووەتەڕوو، "رای ئەنجومەنی شورا ئەسڵ موڵزەم نییە، تەنیا لەو حاڵەتەی لەلایەن دەزگایەکەوە یان دوو دەزگا بەرێکەوتن داوای تەفسیری لێدەکرێ لەو حاڵەتەش ھەر بۆ ئەو بابەتە و بۆ ئەو دەزگایە مولزەمە کە داوای تەفسیرەکەی کردووە و ئەم ڕایەی ئەنجومەنی شورا لە روی قانونیەوە ھەڵەیە و لەدەرەوەی دەەڵاتی خۆیەتی."  

 دەشڵێت، "ڕای ئەنجومەنی شورا یاسا نییە، تاوەکو بۆداھاتوو بۆ ھەموو حاڵەتێک بخوا، ھەر خودی بڕیارەکەی ئەنجومەنی دادوەری دژی خودی بریارەکەی ئەنجومەنی شوراشە کە خۆی پشتی پێبەستووە".

ئەوەش دوای ئەوەدێت، ئەنجومەنى دادوەرى هەرێمى کوردستان لە ١٠ى حوزەیرانى ڕابردوودا بڕیاریداوە بە درێژکردنەوەی ماوەی خزمەتی پێنج دادوەر کە تەمەنی خانەنشینی واتە ٦٥ ساڵیان تەواوکردووە.