سەردێڕ:

راوێژکارێکی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق: چەند لایەنێک لە هێرشەکاندا هاوکاری تورکیا دەکەن

فۆتۆ: 
2020-07-06

7065 جار خوێندراوەتەوە

راوێژکارێکی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، هەندێک لایەنی سیاسی هەرێم پاڵپشتی هێرشەکانی تورکیا دەکەن و هەندێکیشیان دژی هێرشەکانن و بە مەبەستی کۆتاییهێنان بەو کێشانە عێراق لەگەڵ یەکێتی و پارتی گفتوگۆ دەکات.

ئەمڕۆ دووشەممە، بورهانەدین ئیسحاق راوێژکاری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی میهری ئێرانی راگەیاند، "ئەو هێرشانە و هێنانی سەربازی تورکیا، پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراقە."

ئەوەشی خستەڕوو، "هەندێک لایەنی سیاسی هەرێمی کوردستان، یارمەتیدەری تورکیان کە هاتووەتە ناو خاکی وڵاتەکەیان و هەندێکیشیان دژی ئەو هێرشەن، هەر بۆیە حکومەتی ناوەندی لەگەڵ پارتی و یەکێتی بەمەبەستی کۆتاییهێنان بە ئەو کێشانە گفتوگۆ دەکات."

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەگەر ئەو کێشەیە لەگەڵ تورکیادا لە ئەنجومەنی ئاسایش چارەسەر نەبێت و ئەنقەرە کۆتایی بە دەستدرێژییەکانی بۆ سەر خاکی عێراق نەهێنێت، ئەوا عێراق بژاردەی دیکەی لەبەردەمدایە وەک، وەرگرتنی یارمەتی لە وڵاتانی عەرەبی بۆ کۆتاییهێنان بەو کێشەیە."

لە ١٧ی مانگى حوزەیرانى ٢٠٢٠وە تورکیا ئۆپەراسیۆنی چنگی پڵنگی بۆ سەر چەند ناوچەیەکی هەرێم دەستپێکردووە و بەردەوام بە فڕۆکەی جەنگی هێرش دەکاتە سەر ناوچە و گوندەکانی هەرێم.

مانگی رابردووش، تورکیا بۆمبارانی ناوچەی کونەماسی کرد، کە تەنیا ٣٥ کیلۆمەتر دوورە لە ناوەندی شاری سلێمانییەوە و بەهۆیەوە دوو کەس شەهید و شەشی دیکەش برینداربوون.