سەردێڕ:

لە سلێمانی لە بەردەم نوسینگەی پەرلەمان خۆپیشاندان بەڕێوەدەچوو

فۆتۆ: 
2020-07-06

11213 جار خوێندراوەتەوە

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، فەرمانبەران و مامۆستایان و بەشێک لە چین و توێژەکان لەبەردەم نوسینگەی پەرلەمانی کوردستان لە سلێمانی خۆپیشاندانیان کرد، دەشڵێن، "داوا دەکەین موچەکانمان بخرێتە سەر بەغدا."

کارزان تاریق پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، "فەرمانبەران و مامۆستایان و بەشێک لە چین و توێژەکان لەبەردەم باخی گشتیەوە بە رێپێوان چوونەتە بەردەم نوسینگەی سلێمانی پەرلەمانی کوردستان و بەمەبەستی داواکردنی مافە رەواکانیان خۆپیشاندانیان کرد، تاوەکو پەرلەمانتاران دەنگیان بگەیەنن بە لایەنی پەیوەندیدار."

ئەوەشی خستەڕوو، بەشێک لە خۆپیشاندەران دەرگای نوسینگەکەیان کردووەتەوە و چوونەتە بیناکەوە و دەڵێن، "لەگەڵ ئەوەی دوێنێ پەیوەندیمان بە پەرلەمانتارانەوە کردووە بەڵام، ئەمڕۆ جگە لە یەک ئەندام پەرلەمان هیچ کەسێکی دیکەیان نەهاتوون بە دەنگمانەوە."

بەشێک لە خۆپیشاندەران دەڵێن، "زۆر بەهێمنی بۆ داواکردنی مافە رەواکانمان خۆپیشاندان دەکەین، خۆپیشاندانی ئێمە تەنیا لەبەر وەرگرتنی موچە نییە بەڵکو دەمانەوێت موچەمان بخرێتە سەر حکومەتی بەغدا و چیدی لەوێوە موچەکانمان بۆ بێت."

مامۆستایەکی ناڕازیش رایگەیاند، "ئێمە وەکو بەشێک لە مامۆستایان ئەمڕۆ بۆ پشتیوانی لە هاوڕێیانی هاتوچۆ ئامادەبووین بەڵام، وەک چینی مامۆستایان بەدڵنیاییەوە رۆژێک بۆ رێپێوانی سەرتاسەری دیاریدەکەین."

ئەمەش لەکاتێکدایە، رۆژی شەممە وەزارەتی دارایی خشتەی موچەی مانگی شوباتی چەند دامودەزگا و وەزارەتێکی بلاوکردەوە کە بڕیارە لەم هەفتەیەدا بدرێت، بەڵام خۆپیشاندەران داوای چاکسازی بنەڕەتی دەکەن و دەڵێن، "دوبارە دێینەوە سەر شەقامەکان و بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانمان لە خۆپیشاندان بەردەوام دەبین."

Image may contain: 1 person, walking, crowd and outdoor, text that says 'NRT NRT Digital Media'Image may contain: 1 person, standing, walking, crowd and outdoor