سەردێڕ:

'دۆخی ھاوڵاتیان خراپە و سەرۆکی حکومەت حەزدەکات فێری فەرەنسی بێت'

فۆتۆ: 
2020-07-06

30419 جار خوێندراوەتەوە

لەگەڵ ئەوەی دۆخی ھەرێمی کوردستان خراپە و ھاوڵاتیان لە رەوشێکی زەحمەتدا دەژین، بەڵام سەرۆکی حکومەتی ھەرێم دەڵێت، حەز دەکات فێری زمانی فەرەنسی بێت.

گەر ھەژاران نانیان نییە بیخۆن لە بری ئەوە با کێک بخۆن، ئەم قسەیە لە دەمی ماری ئەنتوانێت شاژنی فەرەنسا و ژنی پادشای فەرەنسا لویسی شانزەیەم گێڕدراوەتەوە، ئەو کاتەی شاژن ئەم قسەیەی کردووە گەلی فەرەنسا بەدۆخێکی قورسی ھەژارییدا تێپەڕیوە و پرسیاریان لێکردووە کە ھەژاران نان نییە بیخۆن.

ئەم قسەیەی ماری ئەنتوانێت، سەدان ساڵە وەک نمونەیەکی بێ ئاگایی دەسەڵاتداران دەھێنرێتەوە لە نەبونی و ھەژاری گەلەکەیان و خۆگێلکردن لەو نەھامەتییانەی روبەڕوی ھاوڵاتییەکانیان بووەتەوە کە ھەر خۆشیان ھۆکارەکەی بوون.

ئەم نمونەیە لە ئێستاشدا لە ھەرێمی کوردستان دەگوزەرێت، لەکاتێکدا رێژەی ھەژاری و بێکاری زۆر بەرزبووەتەوە و فەرمانبەران و خانەنشینان تەنیا موچەی یەک مانگی ئەمساڵیان وەرگرتووە و رۆژانە ھاوڵاتی لەبەر ھەژاری و قەرزایی خۆی دەسوتێنێت، سەرۆکی حکومەت لە وەلامی پرسیاری ھاوڵاتییاندا بە  بەخەڵک دەڵێت، (دەیەوێت فێری زمانی فەرەنسی بێت). 

سەرۆکی حکومەت لە ڕێگەی کەناڵەکەیەوە بە حساب وەڵامی پرسیاری ھاوڵاتیان دەداتەوە، کاتێکیش ھاوڵاتیان ھەزاران پرسیاریان لەسەر گەندەڵی و دزی و بێ موچەیی و بەھەدەردانی سامانی میللەت لێکردووە بەڵام ناوبراو زۆرینەی ئەو پرسیارانەی پشتگوێ خستووە و خەریکی وەڵام دانەوەی چەند پرسیارێکی لاوەکییە بەوەی چەند زمان دەزانێت و دەیەوێت فێری چ زمانێک بێت و چەند منداڵی ھەیە و چەند پرسیارێکی تری لەو جۆرە.

ئەمەی ئێستا لە لایەن سەرۆکی حکومەت و میدیاکەیەوە جێبەجێدەکرێت لە زۆرێک لە وڵاتانەدا روودەدەن کە دەسەڵاتێکی زۆردار و ستەمکاریان ھەیە و لەڕێگەی میدیاوە خەریکی ماکیاژکردنی ناشیرنییەکانی دەسەڵاتن.

سەرۆکی حکومەت لەکاتی سەرھەڵدانی پەتای کۆرۆناوە تا ئێستا سەردانی ھیچ نەخۆشانە و دامەزراوەیەکی نەکردووە، تەنانەت کۆبونەوەکانی حکومەتەکەش کە ئەنجامی داون، بە ئۆنڵاین بووە و لە پشتی کۆمپیوتەرەوە بوون، لەکاتێکدا سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کە نزیکترین نمونەیە لە ھەرێمەوە بەردەوام لەنێو ھاوڵاتیاندایە و ھەموو ڕۆژێک خەریکی کۆبوونەوەیە و ھەروەھا چەندین جار لە ماوەی تەنیا یەک مانگی رابردوودا سەردانی نەخۆشخانەکانی کۆرۆنای کردووە.

سەرۆکی حکومەتی ھەرێم، ھەرچەندە بەدوورە لە ھاوڵاتیان و لەم دۆخەدا لەگەڵیاندا نییە، ھیچ پلانێکیشی بۆ دەربازبوون بەم دۆخە خراپەی ھەرێم و ھاوڵاتییەکانیشی نەخستووەتەڕوو، بەڵکو بەپێکەنینەوە باس لە فێربونی زمانی نوێ و منداڵەکانی دەکات وەک ئەوەی ھیچی تر لە ئارادا نەبێت، بە بێ ئەوەی بیرێک لە ھاوڵاتییان بکاتەوە و پلانێکیان پێ بڵێت کە تا کەی خەڵک لە ماڵەوە بن و ئایا پلانی حکومەت چییە بۆ تەندروستی و بەدەمەوە ھاتنی ھاوڵاتییان.

ئەم دۆخە خراپەی ئێستای ھەرێم و ھاوڵاتییەکانی تێیکەوتوون، بەرھەمی ئابوری سەربەخۆی حزبەکەی سەرۆکی حکومەت و شەریکەکەیەتی لەدەسەڵاتدا کە یەکێتییە، چونکە پێش پرۆژە و پلانی ئابوری سەربەخۆ دۆخی فەرمانبەران و خانەنشینانی ھەرێم زۆر باش بوو و ھەموو مانگێک موچەی تەواویان وەردەگرت، بەڵام پلانی ئابوری سەربەخۆ موچەی موچەخۆرانی بڕی و بەقسەی خۆیان حکومەتیشی ٢٧ ملیار دۆلار خستووەتە ژێر قەرزەوە.

بۆیە ھاوڵاتیانی ھەرێم دەپرسن کە ئایا پلانی ئابوری سەربەخۆ کڕینی نەوت بووە یان فرۆشتنی نەوت؟ ئایا ھێنانی خۆشگوزەرانی بوو بۆ ھاوڵاتیان، یاخود ھێنانی مەینەتی و قەیران.