سەردێڕ:

سبەی موچەی ئەم شوێنانە دابەشدەکرێت

فۆتۆ: 
2020-07-06

70950 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دارایی رایگەیاند، سبەی سێشەممە، موچەی وەزارەتی شەهیدان، بەشی شەهیدانی هاوڵاتی و زیندانی سیاسی کە شایستەیان ماوە لەگەڵ دەزگای گشتی ئاسایش دابەشدەکرێت.

وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، سبەینێ سێشەممە ٧ی تەمموزی ٢٠٢٠، موچەی مانگی شوباتی وەزارەتی شەهیدان، بەشی شەهیدانی هاوڵاتی و زیندانی سیاسی کە شایستەیان ماوە لەگەڵ دەزگای گشتی ئاسایش دابەشدەکرێت.

دابەشکردنی موچە لەکاتێکدایە، رۆژی ٢١ی مانگی رابردوو، حکومەتی هەرێم چەند بڕیارێکی نوێی بۆ کەمکردنەوەی موچە و دەرماڵەی فەرمانبەران دەرکرد و بەپێی بڕیارەکان بە رێژەی ٢١٪ موچەی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێم کەمکرایەوە.

نزیکەی ٦٠ رۆژە موچە دابەشنەکراوە، سەرباری ئەوەی بەغدا لە مانگی رابردوودا بڕی ٤٠٠ ملیار دیناری رەوانەی هەرێم کرد، دواتر حکومەتی هەرێم رایگەیاند، بۆ دابەشکردنی موچەی مانگی یەک قەرزی لە کۆمپانیاکان کردووە و بڕێکی زۆری پارەکەی بەغدای بۆ دانەوەی ئەو قەرزانە تەرخان کردووە، بەو هۆیەوە دابەشکردنی موچە دواکەوتووە.

هێرش قادر، هەولێر