سەردێڕ:

لە ئێران تەقینەوە لە دامەزراوە ئەتۆمی و سەربازیەکان زیادیکردووە

فۆتۆ: 
2020-07-05

19066 جار خوێندراوەتەوە

ماوەی چەند رۆژێکە تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوە و رووداوی تر لە دامەزراوە ئەتۆمی، سەربازی و مەدەنیەکانی ئێران زیادی کردووە و ئەوەش گومانی ئەوەی لێدەکرێت کە دەستی دەرەکی و بە دیاریکراویش ئیسرائیلی لە پشتەوە بێت.

چەند رۆژێکە یەک لە دوای یەک تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوە لە بەشێک لە دامەزراوەکانی ئێران روودەدەن. ئەوەی زیاتر چاوی لەسەرە، تەقینەوەیە لە ناوەندە ئەتۆمی و سەربازیەکانی ئەو وڵاتە، ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئێرانیش رایگەیاندووە، هۆکاری تەقینەوەکەیان بۆ روونبوەتەوە، بەڵام لەبەر چەند تێبینیەکی ئەمنی ئاشکرای ناکەن.

هەرچی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی ئێرانیشە باسی لەوەکردووە، تەقینەوەکە لە بینایەکی تایبەت بە بەستنی سەنتریفیوجەکان روویداوە و هیچ زیانێکی گیانی بەدواوە نەبووە و هیچ مادەیەکی ئەتۆمیش لەو شوێنە نەبووە.

بنکەی ئەتۆمی نەتەنز تایبەتە بە پیتاندنی یۆرانیۆم و بە یەکێک لەو ناوەندە ئەتۆمیە گرنگەکانی ئێران دادەنرێت.

هەرزوو رۆڵی ئیسرائیل لەو تەقینەوەدا خرایە بەرباس، بەتایبەتی بەشێک لە میدیاکانی ئێران بە ناڕاستەوخۆ ئەو بابەتەیان وروژاند و داوایان لە حکومەتی وڵاتەکەیان بە توندی وەڵامدانەوەی هەبێت.

هەرچی میدیاکانی ئیسرائیلیشە باسیان لە ئامادەکاری سوپای وڵاتەکەیان کردووە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەرجۆرە کردەوەیەکی تۆڵەکارانەی ئێران.

بەر لە هەفتەیەک لەو تەقینەوەش، رووداوێکی هاوشێوە لە نزیک تارانی پایتەخت روویدابوو. درەنگانی شەوی ٢٥ی حوزەیران دوای روناکبوونەوەی رۆژهەڵاتی تاران دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز بیسترا.

گەرچی وەزارەتی بەرگری ئێران رایگەیاند، روداوەکە بەهۆی گڕگرتنی کۆگایەکی غاز لە ناوچەی پارچین بووە، بەڵام چەند سەرچاوەیەک باس لەوەدەکەن تەقینەوەکە لە شوێنێک بە ناوی خنجیر بووە کە گومان دەکرێت تونێلی موشەکە دوورهاوێژەکانی ئێرانی لێبێت.

جیا لەو دوو تەقینەوەیە هەر لە ماوەی هەفتەی رابردوودا لەچەند ناوەندێکی مەدەنی و خزمەتگوزاری ئێرانیش تەقینەوە و ئاگرکەوتنە و کێشە و گرفتی جیاجیا روویاندا، لەوانە تەقینەوەی غاز لە نەخۆشخانەیەکی تایبەت لە تاران، ئاگرکەوتنەوە لە دوو وێستگەی کارەبا لە ئەهواز و شیراز و لێچوونی غازی کۆلۆر لەپاڵاوگەیەکی خوزستان، کە بەهۆی ئەو رووداوانەوە ١٩ کەس گیانیان لەدەستداوە و بەدەیانی تر بریندار و ژەهراوی بوون.

بەپێچەوانەی تەقینەوەکانی دامەزراوە سەربازی و ئەتۆمیەکان، رووداوی دامەزراوە مەدەنیەکان کەمتر گومانی ئەوەیان لێدەکرێت کە دەستی دەرەکی لەپشت بێت، بەڵام هاوکات بونیان وایکردووە بە تەواوەتی لەو گومانانە دانەماڵدرێن.

ئێران دان بە ئیسرائیلدا نانێت و بەفەرمی نایناسێت، تەلەئبیبیش بەرنامە موشەکی و ئەتۆمیەکانی تاران بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی خۆی لەقەڵەم دەدات و دژی رێکەوتنی ئەتۆمی کۆمەڵەی پێنج کۆ یەک و ئێرانە و لەگەڵ گەڕاندنەوەی سزا نێودەوڵەتیەکان و دانانی سنورە بۆ بەرنامە موشەکیەکانی ئەو وڵاتە.

هەرچەندە تا ئێستا روبەڕوبوونەوەی راستەوخۆ لە نێوان ئەو دوو وڵاتە روینەداوە، بەڵام لە دوو ساڵی رابردوودا هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر سوپای پاسداران و هێزەکانی سەر بە ئێران لە سوریا چڕبووەتەوە و بەرپرسانی تەلەئبیبیش نەیانشاردووەتەوە کە لە هەر شوێنێکی ناوچەکە پێویست بکات رێگری لە جێپێ قایمکردنی تاران دەکەن.