سەردێڕ:

هەڤاڵ ئەبوبەکر: لە ئەمڕۆوە کێشەی ئاوی زۆرێک لە گەڕەکەکان چارەسەردەبێت

هەڤاڵ ئەبوبەکر: لە ئەمڕۆوە کێشەی ئاوی زۆرێک لە گەڕەکەکان چارەسەردەبێت
فۆتۆ: 
2020-07-05

23231 جار خوێندراوەتەوە

پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، لە ئەمڕۆوە کێشەی ئاوی زۆر شوێنی سلێمانی چارەسەردەبێت و بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانیش دەڵێت، "کێشەی ئاوی ٨٠٪ی گەڕەکەکان چارەسەرکراوە."

هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، "دوای جیاکردنەوە و ڕاگرتنی ئەو بەشانەی زیانیان بەرکەوتووە، دەست بە چاکردنەوەی بۆری سەرەکی گواستنەوە و دابەشکردنی ئاوی سلێمانی کرا"، دەشڵێت، "بەشێوەیەکی کاتی و بۆ ئەوەی هاوڵاتیان بێ ئاو نەبن بۆ ماوەیەکی درێژ، بەشێکی گرنگی وێستگەکەیان خستەوەگەڕ و لە ئەمڕۆوە کێشەی زۆر شوێنی سلێمانی چارەسەر دەبێت."

ئاماژەی بەوەشكردووە، "دوای تەرخانکردنی بوجەی فریاگوزاریش لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی داراییەوە کە لەلایەن پارێزگاری سلێمانییەوە داواکراوە، هەوڵی چارەسەرکردنی تەواوی شکان و خستنەوەگەڕی وێستگە و هێڵەکان دەدرێت."

لەوبارەیەوە، سەربەست عوسمان بەرێوەبەری ئاوی سلێمانی لە بەرنامەی پانۆڕامای ئێن ئاڕ تی دا رایگەیاند، "توانیومانە ئاو بۆ بەشێکی زۆری گەڕەکەکانی شاری سلێمانی بگەڕێنینەوە و ئەو بەشانەشی کە ماوە لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا چارەسەردەکرێن."

باسی لەوەشکرد، "کێشەی ٨٠٪ی ئاوی گەڕەکەکان چارەسەرکراوە و ئاویان بۆ دەگەڕێتەوە، ئەوەشی دەمێنێتەوە بە زۆری هێڵی ڕزگارییە و هەوڵدەدرێت لە ماوەی دوو بۆ سێ ڕۆژدا چارەسەربکرێت."

ئەوەش لە کاتێکدایە، بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەهۆی تەقینی بۆری ئاوی هێڵی یەکی دەریاچەی دوکان، بۆماوەی هەفتەیەک جگە لە قڕگە، تاڤگە، چەمچەماڵ و تاسڵوجە، زۆربەی گەڕەکەکانی پارێزگای سلێمانی ئاویان نابێت.