سەردێڕ:

بریکاری وەزارەتەکانی کارەبا و شارەوانی لە پشكی گۆڕان دەستبەكاربوون

فۆتۆ: 
2020-07-05

10193 جار خوێندراوەتەوە

دوای چەند ڕۆژێک لە کۆبوونەوەی شاندی باڵای پارتی و گۆڕان، بریکاری وەزارەتەکانی کارەبا و شارەوانی لە پشكی گۆڕان دەستبەكاربوون.

ئەمڕۆ یەکشەممە، كەمال محەمەد وەزیری كارەبای هەرێم لە راگەیەنراوێكی وەزارەتەکەیدا رایگەیاند، كامیل قەزاز لە ماوەی رابردوودا یەكێك بووە لەو كەسە شارەزاو بەتوانایانەی كە رۆڵێكی بەرچاویان هەبووە لە وەزارەتی كارەبا و خاوەن ئەزمونێكی باش و سەركەوتووە.

هاوکات، بریكاری وەزارەتی كارەبا و شارەوانی، لە چوارچێوەی رێككەوتنی نێوان پارتی و گۆڕان بەر بزوتنەوەی گۆڕان كەوتووە و كامیل قەزاز بریكاری وەزارەتی كارەبا لە پشكی بزوتنەوەی گۆڕانە.

هەر ئەمڕۆ، چالاک موهەندیس وەک، بریکارى وەزارەتى شارەوانى لەسەر پشکى گۆڕان دەستبەکاربوو.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، شاندێکی باڵای گۆڕان بە سەرۆکایەتی عومەری سەید عەلی چوونە سەری ڕەش و لەگەڵ فازڵ میرانی و شاندی مەکتەبی سیاسی پارتیدا کۆبوونەوە، بەڵام بارزانی شاندە باڵاکەی گۆڕانی نەبینی.