سەردێڕ:

لە دوو رووداوی هاتوچۆدا لە هەولێر سێ کەس گیانیان لەدەستدا

فۆتۆ: 
2020-07-05

73327 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر رایگەیاند، لە دوو رووداوێکی هاتوچۆی جیاوازدا لە هەولێر، سێ کەس گیانیان لەدەستدا و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.

فازڵ حاجی وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "کاتژمێر ٣ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە رووداوێکی هاتوچۆدا لەسەر رێگای هەولێر – بەحرەکە، لە نزیک گوندی لوبنانی دوو کەس گیانیان لەدەستدا و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون."

ئاماژەی بەوەشکرد، "رووداوەکە بەهۆی تیژڕەوییەوە بووە و ئۆتۆمبێلەکە کۆنتڕۆڵی لەدەستداوە و خۆی کێشاوە بە ئۆتۆمبێلێکدا و دواتریش خۆی کێشاوە بە ستونێکی کارەبادا."

لەلایەکی دیکەوە لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک رایگەیاند، "لە کاتژمێر ٤ی پاشنیوەڕۆشدا، لەسەر رێگای سەرەکی هەریر - قەندیل لەنزیک گوندی ئافریان بارهەڵگرێکی گەورە بەهۆی تەقینی تایەی پێشەوەی کۆنترۆلی لەدەستدا و خۆی کێشا بەگادرێلە راگرەکانی شەقام و لەدواییشدا وەرگەڕا، کە لە ئەنجامدا شۆفێرەکە گیانیلەدەستدا و زیانێکی زۆری مادیش بەر بارهەڵگر و رێگاوبانەکە کەوت."

فازڵ حاجی ئەوەشی خستەڕوو، "رێنمایی شۆفێرانمان بەتایبەتێ بارهەڵگرەکان دەکەین، کەوا لەو وەرزی گەرمادا زۆر گرنگی بەتایەی بارهەڵگرەکانیان بدەن و رەچاوی بڕی ئەو بارەبکەن کە باریدەکەن."

لە ماوەی رابردوودا، وته‌بێژی هاتوچۆی هه‌رێم رایگەیاند، "له ‌ساڵی ٢٠١٩دا زیاتر له‌ چوار هه‌زار ‌و ٤٠٠ رووداوی هاتوچۆ له ‌هه‌رێمی كوردستاندا روویانداوە و به‌هۆیانه‌وه‌ ٥٧٥ كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه و زیاتر له ‌شه‌ش هه‌زار ‌و ٨٠٠ كه‌سیش برینداربوون".