سەردێڕ:

لە سلێمانی نرخی ئەمپێری کارەبای مۆلیدە بۆ مانگی ڕابردوو دیاریکرا

فۆتۆ: 
2020-07-05

51200 جار خوێندراوەتەوە

قایمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، نرخی هەر كاتژمێرێك ئەمپێری كارەبای مۆلیدە لە مانگی رابردوودا بریتی دەبێت لە ٣٣ دینار و نیو و بۆ کۆی مانگەکەش، نرخی هەر ئەمپێرێک لە نێوان پێنج هەزار بۆ شەش هەزار و ٢٥٠ دیناردا دەبێت. دەشڵێت، "به‌پێی خشتەی پێدانی كارەبای مۆ‌لیدە، ئه‌م مانگه‌ ٢٤ کاتژمێر كاره‌با دابینده‌كرێت."

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، قایمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، "لیژنه‌ی دیاریكردنی نرخی مۆ‌لیده‌ ئه‌هلییه‌كان كۆبووه‌وه‌، به‌ گوێره‌ی نرخی گازوایل نرخی كاتژمێرێك ئەمپێری مۆ‌لیدە بە ٣٣ دینار و نیو بۆ مانگی شەش دیاریكرا، كه ‌به‌ تێكڕایی مۆلیدە ئه‌هلییه‌كان لەنێوان ١٦٠ بۆ ١٨٥ کاتژمێر كاریان كردووە، بەمەش نرخی ئەمپێرێك كاره‌با لەنێوان پێنج هه‌زار بۆ شه‌ش هه‌زار و ٢٥٠ دینار دەبێت."

راشیگەیاند، "به‌پێی پێدانی كاره‌بای مۆلیده‌ نرخی ئەمپێرێكیش لە گەڕەكێك بۆ گەرەكێكی دیكه‌ جیاوازە."

ئاماژەی بەوەشکرد، "بەرنامەی كاركردنی مۆلیدەكان بۆ مانگی ته‌مموز، هه‌ركاتێك كاره‌بای نیشتمانی كوژایه‌وه، ئەوا‌ پێویسته‌ مۆ‌لیده‌ ئه‌هلییه‌كان كارەبا بۆ هاوڵاتیان دابینبكەن‌، لە كۆبوونەوەكەشدا ئەو خاڵە دووپاتكرایەوە، كە پێویستە پاش كوژانەوەی كارەبای نیشتیمانی ١٠ خولەك زیاتر بەسەر كارپێكردنی مۆ‌لیدە تێنەپەڕێت، بەپێچەوانەوە، سەرپێچیكار رووبەڕووی یاسا دەكرێتەوە."

لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین و زستاندا کارەبای نیشتیمانی کەمدەبێتەوە و هاوڵاتیانیش زیاتر پێویستیان بە هەبوونی کارەبایە، لەو حاڵەتەشدا مۆلیدە ئەهلییەکان رۆڵی جێگرەوەی کارەبای نیشتیمانی دەگێڕن.