سەردێڕ:

کەشناسی: شەپۆلێکی گەرما هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

تا هەینی بەردەوامدەبێت
فۆتۆ: 
2020-07-05

25968 جار خوێندراوەتەوە

کەشناسی هەرێم رایگەیاند، لە ئەمڕۆوە شەپۆلێکی گەرما هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و تاوەکو رۆژی هەینی بەردەوامدەبێت. دەشڵێت، "پلەی گەرما چوار بۆ پێنج پلەی سەدی بەرزدەبێتەوە."

فازڵ ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەم شەپۆلە کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی وەرزی گەرمایە و ئەمڕۆ دەرکەوتووە و تاوەکو رۆژی هەینی بەردەوامدەبێت.

راشیگەیاند، ئەگەرچی تاوەکو رۆژی هەینی پلەکانی گەرما لە نێوان ٤٤ بۆ ٤٧ پلەی سەدیدا دەبن، بەڵام کاریگەرییەکەی لە رۆژی شەممەی هەفتەی داهاتووەوە کەمتر دەبێتەوە.

باسی لەوەشکرد، کە ئەو شەپۆلی گەرمایە هەرێمی کوردستان و ناوەڕاست و باشوری عێراقیش دەگرێتەوە و پلەکانی گەرما تاوەکو چوار بۆ پێنج پلە بەرزدەکاتەوە.

ئەوەشی وت، شەپۆلی گەرماکە ئاساییە و مەترسیدار نییە. هاوکات، پێشبینیدەکرێت پلەکانی گەرمای ئەمساڵ نزیکببێتەوە لە پلەکانی گەرمای پار.

پێشتر، کەشناسی عێراق رایگەیاند، بەهۆی هاتنی شەپۆلێکی گەرما لە هیندستانەوە، لەم هەفتەیەدا پلەکانی گەرمای تەواوی ناوچەکانی عێراق بەرزدەبنەوە.