سەردێڕ:

بەشێک لە دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان لە سلێمانی و رانیە گردبوونەوە

فۆتۆ: 
2020-07-05

3932 جار خوێندراوەتەوە

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، بەشێک لە دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان لە سلێمانی و رانیە گردبوونەوە و داوای دامەزراندنیان کرد.

ئەمڕۆ یەکشەممە، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، "بەشێک لە دەرچووە یەکەمینەکانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێم لە پارێزگای سلێمانی گردبوونەوە و یاداشتنامەیەکیان پێشکەشی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد، کە تیایدا داوای دامەزراندنیان کرد."

ئاماژەی بەوەشکرد، "نزیکەی هەزار و ١٠٠ خوێندکاری زانکۆ و پەیمانگاکان کە دەرچووی ساڵی خوێندنی ٢٠١٦-٢٠١٧ بوون گردبوونەوە و ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بە ئەوەی چەند ساڵێکە لەگەڵ ئەوەی لە ریزبەندی یەکەمینەکانیش بوون کەچی تا ئێستا دانەمەزراون."

ئەوەشی خستەڕوو، "لەگەڵ ئەوەی ئەم دەرچووانە پێشتر پەرلەمانتارانیان راسپرادووە تا گوێ لە داواکانیان بگرن کەچی هیچ کام لە ئەندام پەرلەمانەکان ئامادەنەبوون وەڵامی یاداشتنامەکەیان بدەنەوە"، دەشڵێن، "هەموو فشار و رێکارێک دەگرینەبەر لەپێناو گەیشتن بە مافە رەواکانمان."

لەلایەکی دیکەوە، بەشێک لە دەرچووە یەکەمەکانی دەڤەری راپەڕین لە بەردەم زانکۆی راپەڕین گردبوونەوە و داوای دامەزراندنیان کرد.

بەشداربوویەکی گردبوونەوەی دەرچووانی راپەڕین بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "ئێمە دەمانەوێت ئەو کەسانەی شایستەن دابمەزرێن، نەک بە واستە و رێگای نایاسایی هەندێک لە خوێندکاران دابمەزرێنرێن."