سەردێڕ:

لێپرسینەوە لە سەرۆک وەزیرانی کەنەدا دەکرێت

فۆتۆ: 
2020-07-05

8077 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک وەزیرانی کەنەدا بۆ سێیەمجار رووبەڕووی تۆمەتبارکردن دەبێتەوە و ئەمجارەیان بە شکاندنی یاساکانی وڵات تۆمەتبارکراوە.

میدیاکانی کەنەدا بڵاویانکردەوە، کۆمسیۆنی ئیتیکی ئەو وڵاتە رایگەیاندووە، کە بە تۆمەتی شکاندنی یاسا، لێپرسینەوە لە جەستن ترودۆ، سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەیان دەکەن.

لەوبارەیەوە، ماریۆ دیۆن، بەرپرسی کۆمسیۆنی ئیتیک لە کەنەدا رایگەیاندووە، لە کارێکی خێرخوازیی رێکخراوی "وی چاریتی کەنەدا"، سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەی سەرپەرشتی تەرخانکردنی بڕی ٦٦٤.٥ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بۆ پرۆگرامێکی خوێندکاران کردووە و ئەوەش ئیشی سیاسییەکان نییە و یاسا شکاندنە.

رێکخراوە خێرخوازییەکەش رایگەیاندووە، کە لەپێناو سودگەیاندن بە هەر تاکێکی کەنەدی پێیان باشبووە سەرپەرشتیکردنی چالاکییەکەیان بە حکومەتی وڵاتەکەیان بسپێرن.

لای خۆشییەوە، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا رایگەیاندووە، کە ئەو هەموو تەمەنی پشتیوانیکردن و هاندانی گەنجاندا بردووەتەسەر و هەر ئەوەش وایلێکردووە سەرپەرشتیکردنی کارە خێرخوازییەکە قبوڵبکات.

حکومەتی کەنەداش رایگەیاندووە، کە رێکخراوە خێرخوازییەکە بە هیچ شێوەیەک سوودی لە حکومەت وەرنەگرتووە و لە بەرامبەردا، هێشتا حکومەت سودی لێبینیوە.

پێشتر، کۆمسیۆنی ئیتیکی کەنەدا دووجار سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەی تۆمەتبارکردووە و هەوڵی دادگاییکردنی داوە کە یەکەمیان گەشتێکی بۆ دوورگەی تایبەتی ئاگاخان قبوڵکردووە. دووەمیان سودوەرگرتن لە کۆمپانیایەکی وڵاتەکەی بۆ مانەوە و بەخشینی کار پێی لە وڵاتی لیبیا.