سەردێڕ:

حکومەتی عێراق لەسەر بۆردومانەکانی تورکیا هاتەدەنگ

فۆتۆ: 
2020-07-05

8771 جار خوێندراوەتەوە

حکومەتی عێراق رایگەیاند، کە حکومەتی تورکیا بە بەرپرسیاری هەر زیانێکی ماددی و گیانی دەزانن لە هێرشەکانیاندا بۆ سەر خاکی وڵاتەکە. دەشڵێت، "پێویستە دەستبەجێ تورکیا هێرشەکانی بووەستێنێت."

حکومەتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، کە هۆکاری هەر زیانێکی ماددی و گیانی دەخاتە ئەستۆی حکومەتی تورکیا و مستەفا کازمیش، سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکە داوای دەستبەجێ وەستاندنی هێرشەکان دەکات.

مستەفا کازمی راشیگەیاندووە، کە ئەو رەفتارانەی سوپای تورکیا دژی سەروەری خاکی وڵاتەکەیەتی و دەبێتە هۆی تێکدانی پەیوەندی نێوان هەردوو حکومەت و میللەتی عێراق و تورکیا.

لە بەیاننامەکەی حکومەتی عێراقدا ئەوەش هاتووە، کە باڵیۆزی تورکیا بانگهێشتی لێپرسینەوە کراوە و بە توندی پەیامی ناڕازیبوونی پێدراوە و پێشی وتراوە کە ئەگەر تورکیا هێرشەکانی نەوەستێنێت، ئەوا رێگای نێودەوڵەتی دەگیرێتەبەر.

بە بیانوی هەبوونی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، سوپای تورکیا ساڵانێکی دووردرێژە بۆمبارانی ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات بەوهۆیەوە تاوەکو ئێستا سەدان کەس شەهیدبوون.

لەماوەی چەند رۆژی رابردووشدا، بۆمبارانی ناوچەی کونەماسی کرد کە تەنیا ٣٥ کیلۆمەتر دوورە لە ناوەندی شاری سلێمانییەوە و بەهۆیەوە دوو کەس شەهید و شەشی دیکەش برینداربوون.