سەردێڕ:

لە هەرێم بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەوە زیاتر لە سێ ملیۆن مریشک مرداربوونەتەوە

فۆتۆ: 
2020-07-04

19435 جار خوێندراوەتەوە

کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکان بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، گومانیان لەو ئەو دەرمانە هەیە کە بۆ کوتانی مریشک بەکاردێت، داوا دەکەن حکومەت خۆی ئەو دەرمانە دابینبکات و رێگەنەدرێت بازرگانی پێوەبکرێت.

نازم عەبدوڵا جاف جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکانی سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی  رایگەیاند، "لەئيستادا نەخۆشی نیوکاسڵ و ئایبی و گەمبۆرۆ رویکردووەتە مریشک و جوچکی ناو پرۆژەکانی بەخێوکردنی مریشک کە زیانێکی زۆری لەبەرهەمی ناوخۆیداوە و ترسی زۆرمان هەیە رێژەکە زیاتربێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، "گومانی زۆرمان هەیە لەسەر دەرمانی کوتانی بەرگری مریشک، پاش ئەو کوتانە مریشکەکان لەدوای پێنج ڕۆژ نەخۆش دەکەون و دەمرن". 

باسی لەوەشکرد، "پێویستە حکومەت رێگری تەواو بکات و ڕێگەنەدات ئەو کوتانی مریشکە لە وڵاتانی دراوسێوە بازرگانەکان بیهێنن و لەهەمو دوکانێک دەست بکەوێت کە ئەمە مەترسیە لەسەر بەرهەمی ناوخۆی پەلەوەر بۆیە حکومەت خۆی پێویستە ئەو کوتانە دابینبکات و بەبڕێک پارە بیداتەوە بەخاون کێڵگە پەلەوەریەکان تا حکومەت دڵنیابێت لەکوالێتی باشی کوتانەکە و خاوەن کێڵگەکانیش بێ دوودڵی بەکاریبهێنن".

ئەوەشی خستەڕوو، "لە سەرتاسەری کوردستان لەماوی ١٥ ڕۆژدا سێ ملیار دینار زیان بە خاوەن کێڵگە پەلەوەریەکان گەیشتووە و گەر رەوشەکە وابەردەوامبێت، زیانەکان بەرز دەبێتەوە بۆ ٣٠ ملیار دینار کە بەهۆی نەخۆشیەکەوە نزیکەی ٥ ملێۆن مریشک و جوچک لە لەسەرتاسەری کوردستان مردون".

لەئێستادا، خاوەن کێڵگە پەلەوەریەکان گیرۆدەن بەدەست نەخۆشی نیوکاسڵ و ئایبی و گەمبۆرۆ کە ئەم نەخۆشیانە ساڵانە هەیە و زیان بە پەلەوەر دەگەیەنێت.