سەردێڕ:

لەبارەی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە هۆشداری بە هاوڵاتیان دەدرێت

فۆتۆ: 
2020-07-04

33704 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر لەبارەی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە هۆشداری دەداتە شۆفێران و هاوڵاتیان و رایگەیاند، "دەبێت هاوڵاتیان خۆیان بەدوور بگرن  لە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی تیشکی خۆر."

ئەمڕۆ شەممە، بەرگری شارستانی هەولێر رایگەیاند، "هاوڵاتیانی خۆشەویست ئاگاداردەکەینەوە لەچەند ڕۆژی داهاتوو پلەکانی گەرما بەرزدەبێتەوە، بۆیە دەبێت هاوڵاتیان خۆیان بەدوور بگرن  لە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی تیشکی خۆ و لەهەمان کاتدا شوفێرانیش دەبێت پەیڕەوی رێنماییەکان بکەن بۆ ئەوەی دووربن لە ڕووداوی ئاگر."

لەوبارەیەوە چەند خاڵێکیان بۆ شۆفێران خستووەتەڕوو و داوا دەکەن چەند ماددەیەکیش هەیە لە ناو ئۆتۆمبێلدا بە جێیان نەهێڵن، کە ئەمامەن:

١- مادده‌ گازییه‌كان.

٢-شووشه‌واته‌كان "وه‌ك شووشه‌ی بۆنه‌كان و چه‌خماخی ئاگر و كه‌لوپه‌لی له‌م جۆره‌".

٣-خواردنه‌وه‌ گازییه‌كان.

٤-عه‌تر و پاتریی ئامێره‌كان به‌ هه‌موو جۆره‌كانیانه‌وه‌.

٥-نابێت جامی ئۆتۆمبێله‌كان به‌ته‌واوی دابخرێن.

٦-نابێت تانكی به‌نزینی ئۆتۆمبێله‌كان به‌ته‌واوی پڕ بكرێن.

٧-ده‌بێت له‌كاتی شه‌واندا به‌نزین له‌ ئۆتۆمبێله‌كان بكرێت.

٨-نابێت به‌ كاتی به‌یانیان گه‌شتی ئۆتۆمبێله‌كان بكرێت.

٩-نابێت هه‌وای تایه‌ی ئۆتۆمبێله‌كان زیاد له‌ پێویست تێ بكرێت، به‌ تایبه‌ت له‌كاتی گه‌شتكردن.

ئاماژە بەوەشكراوە، "پێویسته‌ هاوڵاتیان ئاگاداری مار و دووپشك بن، چونكه‌ به‌هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌كانی گه‌رما ئه‌و زینده‌وه‌رانه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی شوێنی فێنك روو له‌ ماڵه‌كان ده‌كه‌ن و نابێت هاوڵاتیان بوتڵی گاز له‌به‌ر تیشكی خۆر دابنرێن و نابێت لۆدی زۆر بخه‌نه‌ سه‌ر پێوه‌ری كاره‌باكانیان، ته‌نیا ده‌بێت ئامێره‌ فێنككه‌ره‌وه‌كان له‌و شوێنانه‌ دابگیرسێنرێن كه‌ ئه‌ندامانی خێزانه‌كان لێی كۆ ده‌بنه‌وه‌، به‌تایبه‌ت له‌و كاتژمێرانه‌ی رۆژ كه‌ پله‌كانی گه‌رما ده‌گه‌نه‌ به‌رزترین ئاست."

باس لەوەشکراوە، "دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ به‌ركه‌وتنی راسته‌وخۆی تیشكی خۆر، به‌ تایبه‌ت له‌ ماوه‌ی نێوان كاتژمێر ١٠ی به‌یانی تا ٣ی پاش نیوه‌ڕۆ."

لە ٢ی ئەم مانگەدا، کەشناسی عێراق رایگەیاند، بەهۆی هاتنی شەپۆلێکی گەرما لە هیندستانەوە، لە هەفتەی داهاتوودا پلەکانی گەرمای تەواوی ناوچەکانی عێراق بەرزدەبنەوە.