سەردێڕ:

پارێزگای هەولێر چەند بڕیارێکی نوێی دەرکرد

فۆتۆ: 
2020-07-04

28925 جار خوێندراوەتەوە

ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگای هەولێر ١٤ بڕیاری نوێی دەرکرد و بەپێی بڕیارەکان له‌ كاتژمێر (٨)ی ئێواره‌ تاوه‌كو (٥) به‌یانی، سه‌رجه‌م بازاڕ و دوكانەکان داده‌خرێن.

دەقی بڕیارەکان:

١- له‌ سنوری سه‌نته‌ری شار و سه‌رجه‌م قه‌زاكانی دیكه‌ی سنوری پارێزگای هه‌ولێر، له‌ كاتژمێر (٨)ی ئێواره‌ تاوه‌كو (٥) به‌یانی، سه‌رجه‌م بازاڕ و دوكان و هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ی بۆ خزمه‌تی هاوڵاتیان كراوه‌ن داده‌خرێن، جگه‌ له‌ ده‌رمانخانه‌كان.

٢- هاتوچۆ له‌نێوان پارێزگای هه‌ولێر و پارێزگاكانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان و عێراق، به‌داخراوی ده‌مێنێته‌وه‌ و ڕێگه‌ به‌ هیچ كه‌س نادرێت بێته‌ ژووره‌وه‌، جگه‌ له‌و حاڵه‌تانه‌ نه‌بێت كه‌ له‌ به‌یانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دیاریكراون، بۆیه‌ تكامان وایه‌ كه‌س خۆی له‌ رێگا نه‌دات بۆ بازگه‌كان، چونكه‌ رێگه‌یان پێنادرێت.

٣-سه‌باره‌ت به‌ دابه‌شكردنی موچه‌، به‌پێی ڕێكار و ڕێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كان و ئه‌و میكانیزم و شێوازه‌ی له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌كانیانه‌وه‌ بۆیان دیاریكراوه‌، فه‌رمانگه‌كان موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانیان دابه‌شده‌كه‌ن، هه‌رلێره‌شه‌وه‌ داوا له‌ وه‌زاره‌ته‌كان و فه‌رمانگه‌كان ده‌كه‌ین میكانزمی گونجاو دابنێن بۆئه‌وه‌ی له‌كاتی دابه‌شكردنی موچه‌ كه‌مترین به‌ریه‌ككه‌وتن هه‌بێت.

٤-كردنه‌وه‌ی نۆڕینگه‌ و سه‌نته‌ر و كۆمه‌ڵگه‌ پزیشكییه‌كان ئاره‌زومه‌ندانه‌ ده‌بێت و ئه‌وانه‌شی كراوه‌ ده‌بن ده‌بێت ئه‌و مه‌رجانه‌ی خواره‌وه‌ یان تێدابێت:

ـ كردنه‌وه‌ی نۆڕینگه‌كان له‌ كاتژمێر (٣)ی دوای نیوه‌ڕۆ بۆ (٧)ی ئێواره‌ ده‌بێت.

ـ له‌ هۆڵی چاوه‌ڕوانی له‌ چوار نه‌خۆش زیاتری لێ نه‌بێت و نێوانی هه‌ر یه‌كه‌یان دوومه‌تر كه‌متر نه‌بێت.

ـ پزیشك ده‌ستكێشی له‌ده‌ست بێ و (ده‌مامك) ببه‌ستبێ.

ـ نه‌خۆش یه‌ك هه‌واڵی زیاتر له‌گه‌ڵ نه‌بێت و هه‌ردوكیان (ده‌مامك)یان به‌ستابێ.

ـ ڕۆژانه‌ نۆڕینگه‌ و سه‌نته‌ر و كۆمه‌ڵگاكان (تعقیم) بكرێن.

ـ له‌و ماوه‌یه‌دا له‌(كاتژمێر ٣ بۆ ٧) له‌ (١٠) نه‌خۆش زیاتر نه‌بینرێت.

٥- سه‌رجه‌م شۆفێرانی (ته‌كسی، پاس، مینی پاس) ده‌بێت پابه‌ندی ڕێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كان بن و بۆ ته‌كسی له‌دوو سه‌رنشین زیاتری نه‌بێ و پاسه‌كانیش له‌ نیوه‌ی سه‌رنشینه‌كان زیاتر نه‌ بێ، خۆیان و سه‌رنشینه‌كانییان (ده‌مامك) ببه‌ستن و هه‌ر كه‌سێك سه‌رپێچی له‌م بڕیاره‌ بكات، له‌لایه‌ن پۆلیسی هاتوچۆوه‌، ڕوبه‌ڕوی ڕێكاری یاسایی ده‌بێته‌وه‌ و به‌ بڕی (٥٠) هه‌زار دینار غه‌رامه‌ ده‌كرێت.

٦-چێشتخانه‌كان، به‌ پابه‌ندبوون به‌ڕێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كان، ته‌نها بۆیان هه‌یه‌ خواردن به‌ سه‌فه‌رى یان به‌ دلیڤه‌ری بفرۆشن.

٧- به‌هۆی بڵاو بوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا به‌ شێوه‌یه‌كی فراوان له‌ شاری هه‌ولێر و مه‌ترسی داری دۆخه‌كه‌ (مزگه‌وت، كڵێسا، شوێنه‌ ئاینییه‌ پیرۆزه‌كان، هۆڵی بۆنه‌ ئاینییه‌كان) به‌داخراوی ده‌مێننه‌وه‌ و پرسه‌ دانان له‌ ماڵ و هۆڵ و هه‌موو شوێنێك و چوونه‌ سه‌رقه‌بران قه‌ده‌غه‌یه‌.

٨-ئه‌م شوێنانه‌ش به‌داخراوی ده‌مێننه‌وه‌ (سه‌نته‌ره‌كانى فێركردنى زمان،پاركه‌ گشتى و تایبه‌تیه‌كان، شوێنه‌كانى یارى منداڵان له‌ ناو مۆڵ و گه‌ره‌كه‌كان، هۆڵه‌كانى سینه‌ما، هۆڵه‌كانی ئاهه‌نگ گێران، هۆڵه‌كانی بووك گواستنه‌وه‌، یانه‌ی شه‌وانه‌، نێرگه‌له‌كێشان، هۆڵ و سه‌نته‌ره‌كانی له‌شجوانی، هۆڵه‌كانی وه‌رزشی، مه‌له‌وانگه‌، هۆڵه‌كه‌كانی ئاهه‌نگی شه‌وانه‌، یانه‌كانی مه‌ی خواردنه‌وه‌ (بار)، گه‌رماو (حه‌مام)، سه‌نته‌ره‌كانی مه‌ساج).

٩-سارده‌مه‌نی، چایه‌خانه‌، ڕیستۆرانتی باخچه‌كان، سه‌رجه‌م شوێنه‌كانی هاوشێوه‌یان، ته‌نها بۆیان هه‌یه‌ به‌ سه‌فه‌رى و له‌ رێگه‌ى ئه‌و كه‌ل و په‌لانه‌ى بۆ یه‌ك جار به‌كاردێت كار بكه‌ن و مێز و كورسى دانانرێت.

١٠-له‌ ته‌واوى سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر له‌ ڕۆژانی هه‌ینی، هه‌موو بازاڕ و دوكان و شوێنه‌ گه‌شتیارى و سه‌رجه‌م شوێنه‌ گشتییه‌كان به‌ته‌واوی داخراو ده‌بن، جگه‌ له‌ نانه‌واخانه‌ و ده‌رمانخانه‌كان، هه‌ركه‌سێك پابه‌ند نه‌بێت رێكارى یاسایی به‌رامبه‌ر ده‌گیرێته‌ به‌ر.

١١-له‌ ڕۆژی یه‌ك شه‌ممه‌ ٥/٧/٢٠٢٠، ته‌نها ده‌وامی فه‌رمانگه‌ پێویستییه‌كانی تایبه‌ت به‌كاروباری هاوڵاتیان، جگه‌ له‌ (ته‌ندروستی، پۆلیس، ئاسایش، فه‌رمانگه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان)، به‌سیسته‌می شه‌فتات و به‌ڕێژه‌ی له‌ ٪٣٠ ده‌بێت له‌ڕۆژانی (یه‌ك شه‌ممه‌ تاوه‌كو چوارشه‌ممه‌)، له‌ كاتژمێر ٩ به‌ یانى تاكو ١ى دواى نیوه‌رۆ، سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌رانی فه‌رمانگه‌كان ده‌بێت (ده‌مامك) ببه‌ستن، هه‌ر فه‌رمانبه‌رێك له‌ كاتی ده‌وام (ده‌مامك)ی نه‌به‌ستابێت رێكاری كارگێری به‌رامبه‌ری ده‌گیرێته‌ به‌ر، هیچ هاوڵاتییه‌ك و موراجعێك به‌بێ به‌ستنی (ده‌مامك) بۆی نییه‌ بچێته‌ ناو هیچ فه‌رمانگه‌یه‌ك، هه‌ر فه‌رمانگه‌یه‌ك قه‌ره‌باڵغی تێدا دروستبێت به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی په‌یوه‌ندیدار ده‌وام له‌و فه‌رمانگه‌یه‌ ڕاده‌گرین، ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌شی جێنشینی ده‌ره‌وه‌ی شاری هه‌ولێرن یان له‌ پارێزگایه‌كى دیكه‌ن و ده‌وامییان له‌ناوی سه‌نته‌ری شاری هه‌ولێره‌، پێویست ناكات ده‌وام بكه‌ن.

١٢- له‌ هه‌ر شوێنێكی بازرگانی و بازار و دوكان و ماركێت و مۆڵ و چێشتخانه‌یه‌ك رێنماییه‌ ته‌ندروستیه‌كان جێبه‌جێنه‌كرێن، ده‌ستبه‌جێ ئه‌م شوێنه‌ داده‌خرێت، بۆ ماوه‌یه‌ك كه‌ له‌ یه‌ك هه‌فته‌ كه‌متر نه‌بێت.

١٣- ده‌سه‌ڵاتی ته‌واو ده‌درێت به‌ سه‌رجه‌م قائیمقامه‌كان بۆ خۆپارێزى له‌ كۆرۆنا و جێبه‌جێكردنی ڕێكاره‌كانی خۆپارێزی له‌و ڤایرۆسه‌، هه‌ر بڕیارێك له‌ سنوری قه‌زاكه‌یان بده‌ن و له‌ كاتی پێویستیش بۆیان هه‌یه‌ له‌ سنوری قه‌زاكه‌یان كه‌ره‌نتین و قه‌ده‌غه‌ی ته‌واوه‌تی ڕابگه‌یه‌نن.

١٤- ئه‌م بڕیارانه‌ له‌كاتژمێر ١٢ی شه‌وی ٤ له‌سه‌ر ٥ی ٧ی ٢٠٢٠، ده‌چێته‌ واری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، تاوه‌كو كاتژمێر ١٢ی شه‌وی ١١ له‌سه‌ر ١٢ی ٧/٢٠٢٠.