سەردێڕ:

کازمی چەند گۆڕانکارییەکی لە پۆستە ئەمنییەکانی عێراقدا کرد

فۆتۆ: 
2020-07-04

8616 جار خوێندراوەتەوە

مستەفا کازمی، هەر یەک لە قاسم ئەعرەجی وەزیری پێشووی ناوخۆ بۆ راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی و عەبدولغەنی ئەسەدی فەرماندەی پێشووی هێزەکانی دژەتیرۆر بۆ بەڕێوەبردنی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی راسپارد.

میدیاکانی خۆجێی بڵاویانکردەوە کە چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرایانکردووە، مستەفا کازمی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان و سەرۆکوەزیرانی عێراق، کۆتایی بە ئەرکی فالح فەیاز وەک راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی هێناوە و لە شوێنی ئەو قاسم ئەعرەجی وەزیری پێشووی ناوخۆی راسپاردووە.

ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەشکردووە، کازمی کۆتایی بە ئەرکی فالح بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری دەزگای ئاسایشی نیشتمانی هێناوە و عەبدولغەنی ئەسەدی فەرماندەی پێشووی هێزەکانی دژەتیرۆری بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری دەزگای ئاسایشی نیشتمانی راسپاردووە.

لە ماوەکانی رابردوودا، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان و سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی چەندین گۆڕانکاریی لە پۆستە باڵا سەربازیی و ئەمنییەکاندا کردووە.

پێشتریش هەر بە فەرمانی مستەفا کازمی، عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا کرایە سەرۆک ئەرکانی سوپا و عەبدولئەمیر شممەریش کرایە جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و قاسم محەمەدی کرایە فەرماندەی هێزەکانی وشکانیی.

لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە وەک سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق، مستەفا کازمی دروشمی چاکسازی بەکاردەهێنێت و لەو چوارچێوەیەشدا تا ئێستا پۆستی چەند بەرپرسێکی باڵای عێراقی گۆڕیوە، دەشڵێت، "ئەگەر دەستێوەردانی حزبی هەبێت لە کارەکانمدا، دەستلەکاردەکێشەمەوە."