سەردێڕ:

پۆلیسی سلێمانی: گەنجێک بەهۆی نەبوونیەوە خۆی سوتاند و گیانیلەدەستدا

فۆتۆ: 
2020-07-04

63700 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، لە گەڕەکی سەرکارێزی سلێمانی، گەنجێک خۆی سوتاند و بەهۆیەوە گیانیلەدەستدا. دەشڵێت، گەنجەکە پێش گیانلەدەستدانی وتویەتی لەبەر نەبوونی ئەوکارەی کردووە.

 سەرکەوت ئەحمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی پۆلیسی سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، گەنجێکی ١٦ ساڵان، لە کەلاوەیەکی پشت شوێنی کارەکەی لە گەڕەکی سەرکارێز، بەنزینی بە خۆیدا کردووە و خۆی سوتاندووە."

دەشڵێت، "پێش ئەوەی بە هۆی زۆری برینەکەیەوە لە نەخۆشخانە گیان لەدەستبدات، گەنجەکە وتوویەتی، بەهۆی خراپیی بژێوی ژیانیانەوە و نەبوونییەوە خۆی سووتاندووە."

بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، "گەنجەکە پیشەی شاگردی فیتەر بووە و باوکیشی لە چێشتخانەیەکدا شاگردە."

لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکەدا، ئەمە دووەمین رووداوی خۆسوتاندنە لە شاری سلێمانی و رۆژی ٢٩ی مانگی رابردوو، پیاوێک لە ناو باخی گشتیدا، بەهۆی قەرزارییەوە خۆی سوتاند دواتر  گیانیلەدەستدا.

زیادبوونى رووداوەکانى خۆسوتاندن لەکاتێکدایە، بارودۆخى هاوڵاتیان رووى لە خراپى زیاتر کردووە و موچەى فەرمانبەرانیش سەرەڕاى ئەوەى لەکاتى خۆیدا نادرێت و بە رێژەی ٢١٪ کەمکراوەتەوە.

نۆ ساڵ لەمەوبەر، محەمەد بوعەزیزی کە گەنجێکی تونسیی بوو، لەلایەن شارەوانییەوە عەرەبانەکەی دەستی بەسەرداگیرا، ئەویش بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و دواتریش بەهۆی برینەکانییەوە گیانیلەدەستدا، دوای ئەوە محەمەد بووە سیمبولی هەڵگیرسانی شۆڕشی تونس و سەرئەنجام روخاندنی دەسەڵاتی زەینلعابدین.