سەردێڕ:

وەزارەتی دارایی لیستی نوێی موچەی راگەیاند

فۆتۆ: 
2020-07-04

172818 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دارایی رایگەیاند، لە سبەینێ یەکشەممەوە تاوەکو پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە، موچەی مانگی شوباتی ئەمساڵی هەریەک لە وەزارەتی شەهیدان (کەسوکاری شەهیدانی سەنگەر و شەهیدانی هاوڵاتی ئاسایی)، ئەنجومەنی ئاسایش لەگەڵ دەزگای گشتی ئاسایش و پەروەردەکانی دەرەوە و ناوشار دابەشدەکرێت.

وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، سبەینێ یەکشەممە ٥ی ٧ی ٢٠٢٠ و دووسبەی دووشەممە ٦ی ٧ی ٢٠٢٠، موچەی وەزارەتی شەهیدان، بەشی کەسوکاری شەهیدانی سەنگەر و ئەنجومەنی ئاسایش دابەشدەکرێت.

باسی لەوەشکرد، رۆژی سێشەممە، ٧ی ٧ی ٢٠٢٠ موچەی وەزارەتی شەهیدان، بەشی شەهیدانی هاوڵاتی و زیندانی سیاسی کە شایستەیان ماوە لەگەڵ دەزگای گشتی ئاسایش دابەشدەکرێت.

ئەوەش هاتووە، رۆژی چوارشەممە، ٨ی ٧ی ٢٠٢٠ موچەی وەزارەتی پەروەردە، بەشی دەرەوەی شار و رۆژی پێنجشەممەش، ٩ی ٧ی ٢٠٢٠، موچەی بەشی ناوشاری وەزارەتەکە دابەشدەکرێت.

دابەشکردنی موچە لەکاتێکدایە، رۆژی ٢١ی مانگی رابردوو، حکومەتی هەرێم چەند بڕیارێکی نوێی بۆ کەمکردنەوەی موچە و دەرماڵەی فەرمانبەران دەرکرد و بەپێی بڕیارەکان بە رێژەی ٢١٪ موچەی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێم کەمکرایەوە.

نزیکەی ٦٠ رۆژە موچە دابەشنەکراوە، سەرباری ئەوەی بەغدا لە مانگی رابردوودا بڕی ٤٠٠ ملیار دیناری رەوانەی هەرێم کرد، دواتر حکومەتی هەرێم رایگەیاند، بۆ دابەشکردنی موچەی مانگی یەک قەرزی لە کۆمپانیاکان کردووە و بڕێکی زۆری پارەکەی بەغدای بۆ دانەوەی ئەو قەرزانە تەرخان کردووە، بەو هۆیەوە دابەشکردنی موچە دواکەوتووە.

هێرش قادر، هەولێر