سەردێڕ:

ئێران: هۆکاری تەقینەوەی وێستگە ئەتۆمییەکەی ئەسفەهان راناگەیەنین

فۆتۆ: 
2020-07-04

8163 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران رایگەیاند، بە نیاز نین لە ئێستادا لەبەر چەند پاڵنەرێکی ئەمنی هۆکاری تەقینەوەکەی وێستگەی ئەتۆمیی نەتەنز ئاشکرابکەن.

کەیوان خوسرەوی، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران سەبارەت بەو تەقینەوەیەی رۆژی پێنجشەممە لە بینایەکی وێستگەی ئەتۆمیی نەتەنز روویدا وتی، لێکۆڵینەوە تەکنیکی و ئەمنیەکان بە تەواوەتی گەیشتوونەتە ئەنجام و هۆکارەکەیان بۆ روونبوەتەوە، بەڵام بە هۆی چەند تێبینی ئاسایشیەوە رایناگەیەنن.

بەپێی هەواڵیکی نیویۆرک تایمز رووداوەکەی نەتەنز لە رێگەی کەرەستەیەکی تەقینەوەوە و بە مەبەست روویداوە.

پسپۆڕانی رۆژئاوایی بە پشت بەستن بەو وێنانەی لە رێگەی مانگە دەستکردەکانەوە بەدەستیان گەیشتووە باس لەوە دەکەن تەقینەوەکە لە بینایەک روویداوە کە کاری بەستنی سەنتریفیوجەکانی تێدا دەکرێت.

لای خۆیەوە، بەهرۆز کەمالوەندی وتەبێژی دامەزراوەی ئەتۆمی ئێران رایگیاندوە، لەو شوێنەی تەقینەوەکە روویداوە هیج جۆرە مادەیەکی ئەتۆمیی لێنەبووە و بەهۆیەوە زیان بەر کەس نەکەوتووە و رووداوەکە تەنها زیانی مادی لێکەوتووەتەوە.

وێستگەی ئەتۆمیی نەتەنز کەوتووەتە پارێزگای ئەسفەهان لە ناوەڕاستی ئێران و تایبەتە بە پیتاندنی یۆرانیۆم.