سەردێڕ:

تەندروستی ئەمریکا کۆتایی ئەمساڵی بۆ بەردەستبوونی ڤاکسینی کۆرۆنا راگەیاند

فۆتۆ: 
2020-07-04

10033 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی پەیمانگای نیشتیمانی ئەمریکا بۆ تەندروستی رایگەیاند، کە ئەو گەشبینە لەبارەی ڤاکسینی کۆرۆنا و پێیوایە لە کۆتایی ئەمساڵدا بەردەست دەبێت. دەشڵێت، "لە سەرەتای ٢٠٢١یشدا بڕێکی زۆری لێ بەرهەمدەهێنرێت."

میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردەوە، دکتۆر فرانسیس کۆڵینز، سەرۆکی پەیمانگای نیشتیمانی ئەمریکا بۆ تەندروستی رایگەیاندووە، کە لە کۆتایی ئەمساڵی ٢٠٢٠دا ڤاکسینی کۆرۆنا بەردەستدەبێت و لە سەرەتای ساڵی داهاتووشدا، نزیکەی ٣٠ ملیۆن دانەی لێ بەرهەم دەهێنن."

باسی لەوەشکردووە، کە ئامانجیان ئەوەیە لە مانگی ئەیلولی داهاتوودا، رۆژانە یەک ملیۆن پشکنینی پزیشکی بۆ توشبووانی کۆرۆنا بکەن و لە رێگەی رێکاری وردی تەندروستیشەوە، رێگە بۆ دووبارە کردنەوەی قوتابخانەکان بکەنەوە.

لەناو وڵاتانی دنیادا، ئەمریکا بە تۆمارکردنی نزیکەی سێ ملیۆن توشبووی کۆرۆنا و گیانلەدەستدانی زیاتر لە ١٣٢ هەزار کەس، لە پلەی یەکەمدایە.

لە ئێستادا دەیان وڵات و دەیان کۆمپانیای دەرمان و شارەزایان کێبڕکێی دروستکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا دەکەن و لە هەندێک وڵاتیشدا، قۆناغی دووەمی تاقیکردنەوە لەسەر مرۆڤ تەواو بووە و لە قۆناغی سێیەم و کۆتاییدان.

ئەگەرچی بەشێوەیەکی ئاسایی ڤاکسینی هەر جۆرە ڤایرۆسێک ١٢ تاوەکو ١٨ مانگ دەخایەنێت، بەڵام شارەزایان دەڵێن، بەهۆی ئەو هەوڵە بە کۆمەڵەی وڵاتان بۆ بەرهەمهێنانی ڤاکسینی کۆرۆنا، ئەوا دەشێت زووتر بەردەست دەبێت.