سەردێڕ:

لە بازیان خۆپیشاندانی بەشێک لە هاوڵاتیان بەڕێوەچوو

فۆتۆ: 
2020-07-04

4279 جار خوێندراوەتەوە

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بەهۆی کەمی کاتژمێرەکانی کارەباوە، بەشێک لە هاوڵاتیانی ناحیەی بازیانی سەر بە پارێزگای سلێمانی خۆپیشاندانیان کرد.

بەشداربوویەکی خۆپیشاندانەکەی بازیان بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "پێشتر جۆزەی ٢٠ ئەمپێڕییان بۆ بەستوین و بەڵێنیانداوە کارەبامان باش ببێت، بەڵام ئێستا کەمتر لە ١٢ کاتژمێر کارەبامان دەدەنێ."

راشیگەیاند، بەرپرسان و حکومەت لەسەر داهاتی بازیان دەژین، کەچی بچوکترین خزمەتی دانیشتووانەکەی ناکەن.

وتیشی، "حکومەت کەرەنتینەی کردوین و لە هەمانکاتیشدا بێکارین، ئەی بەم حاڵەوە چۆن بەبێ کارەباش بژین؟."

بەشداربوویەکی دیکەی خۆپیشاندانەکەش رایگەیاند، "بەهۆی خراپی کارەباکەمانەوە نە گڵۆپم ماوە و نە تەلەفزیۆن، نەخۆشمان هەیە لە ماڵەوە و بەبێ کارەبا ناتوانین بژین."

ئەوەشی وت، "داوامان ئەوەیە کارەباکەمان وەکو پێشتر لێبکەنەوە کە ٢٤ کاتژمێر هەمانبوو، بەڵام بە فرت و فێڵ کردیان بە کەمتر لە ١٢ کاتژمێر."

لە ماوەی رابردووشدا، لە بەشێک لە شار و شارۆچکەکانی هەرێم و بازیانیشدا، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لە بەرامبەر نەبوونی هەلیکار و خزمەتگوزارییەکان بەڕێوەچوو.