سەردێڕ:

تەندروستیی جیهانی زانیاریی نوێ لەبارەی دەرکەوتنی کۆرۆناوە ئاشکرادەکات

فۆتۆ: 
2020-07-04

22879 جار خوێندراوەتەوە

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند، کۆتاییەکانی مانگی کانونی یەکەمی رابردوو یەکەم توشبوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین تۆمارکراوە کە لە سەرەتادا وەک هەوکردنی سنگ هەژمارکراوە.

ماڵپەڕی سکای نیوز بڵاویکردەوە، رێكخراوی تەندروستیی جیهانی ٩ی نیسانی رابردوو، ریزبەندی سەرەتای گواستنەوەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنای ئاشکراکرد، ئەمەش دوای ئەوەی روبەروی رەخنە بووەوە بەتایبەت لەلایەن ئەمریکییەکانەوە، کە رێکخراوەکەیان بە دواکەوتن لە ئاگادارکردنەوە و خزمەتکردنی چین تۆمەتبار کرد.

پێشتریش رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەکرد، لیژنەی ناوخۆیی تەندروستی ووهان لە ویلایەتی هیوبەی، لە رۆژی ٣١ی کانونی یەکەمی رابردوو یەکەم حاڵەتی هەوکردنی سنگی تۆمارکردووە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، لە ٢٠ی نیسانی رابردوو، تێدرۆس ئادەنیەم گابریێسۆس بەڕێوەبەری گشتی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا جەختی لەوەکردووەتەوە، یەکەم راپۆرت لە چینەوە هاتووە بەبێ ئەوەی روونیبکاتەوە راپۆرتەکە لەلایەن دەسەڵاتدارانی چینەوە یاخود لایەنی دیکەوە بەدەستیان گەیشتووە.

باس لەوەشکراوە، ئیدارەی ئەمریکا رێکخراوەکە بەوە تۆمەتبار دەکات، گرنگی بەو زانیارییە بنەڕەتییانە نەداوە کە لەلایەن تایوانەوە لە کۆتایی کانونی یەکەم لەبارەی ئەگەری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەدەستیان گەیشتووە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، رێکخراوەکە رۆژانی یەک و دووی کانوونی دووەم داوای لە چین کردووە زانیاری لەبارەی ئەو حاڵەتە نوێیانەی هەوکردنی سنگ کە هۆکارەکەی نەزانراو بووە بداتێ، بەڵام دەسەڵاتی چین لە رۆژی سێی کانوونی دووەم وەڵامی داوەتەوە.

لە کۆتاییەکانی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردووەوە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری ووهانی چین بڵاوبووەوە، تاوەکو ئێستاش زیاتر لە ١١ ملیۆن و ١٩٨ هەزار کەس توشبوون و زیاتر لە شەش ملیۆن و ٣٤٥ هەزار کەسیش چاکبوونەتەوە.