سەردێڕ:

داوادەکرێت ساڵانە سێ رۆژ قەدەغەی تەواوەتی هاتوچۆ رابگەیەنرێت

فۆتۆ: 
2020-07-03

25417 جار خوێندراوەتەوە

دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە و بەشێک لە رێکخراوەکانی بواری ژینگەپارێزی پێشنیازی ئەوە دەکەن کە ساڵانە و لە مانگی تەمموزدا سێ رۆژ قەدەغەی هاتوچۆ پەیڕەو بکرێت.

بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە حکومەتی هەرێم چەند جارێک قەدەغەی هاتوچۆی لە ناو شارەکان راگەیاند و ئۆتۆمبێل و کارگەکان لەکار کەوتن و گۆرانکاری ژینگەیش هەستی پێکرا.

دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێم لە کاتی راگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆدا پرۆژەیەکیان بۆ قەدەغەی هاتوچۆی ساڵانە ئامادەکردووە و بڕیارە پێشکەشی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی ناوخۆی بکەن.

لە پرۆژەکەدا هاتوو ساڵانە و لە وەرزی هاویندا بەتایبەتی لە مانگی تەمموز سێ رۆژ قەدەغەی هاتوچۆی ئۆتۆمبێل هەبێت و تەنها پیادە بتوانێت هاتوچۆ بکات، ئەمەش بۆ پاککردنەوە و باشترکردنی ژینگەی هەرێم.

دەستەکە دەیەوێت وەک نەریتێک ساڵانە ئەم سێ ڕۆژە قەدەغە هەبێت لە هەرێم.

هەندرێن شێخ غالب وتەبێژی دەستەی چاککردن و پاراستنی ژینگەی هەرێم دەڵێت، بۆیە ئەو مانگەیان هەڵبژاردووە دەزانن دەوامی خویندنگاکان نییە و ئەو چەند رۆژە کەمە دەتوانرێت دەوامی فەرمانگەکانیش رابگیرێت و کاریگەری خراپی لەسەر ژیانی خەڵک نابێ.

دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە چەند جارێک گەڵاڵەی ئەم پڕۆژەیەیان کردووە، بەڵام لەلایەن حکومەتەوە رەزامەندی لەسەر نەدراوە و بە گونجاویان نەزانیوە بەڵام لە ئێستادا و بەهۆی کاریگەرییەکانی قەدەغەی هاتوچۆ لە جیهان و هەرێم جارێکی دیکە پرۆژەکەی ئامادەکاردووەتەوە و بریارە لەدوای ئاسایی بوونەوەی دەوام پیشکەشی حکومەتی بکەن، چونکە ئەو چەند رۆژەی قەدەغەی هاتوچۆ بوو ژینگەی هەرێم بە رێژەیەکی زۆر پاکبووەتەوە.

ئاسۆ شکاک، سەرۆکی ڕێکخراوی ئاڤیاری ژینگەیی کە ساڵانێکە لە شاری هەولێر کار بۆ پاراستن و دروستکردنی ژینگەیەکی تەندروست دەکەن، دەڵێت ئەوان ساڵانێکی زۆر ئەو پێشنیارەیان کردووە چونکە دەزانن کاریگەری دەبێ لەسەر ژینگە.

بەپێی ڕاپۆرتە نێودەولەتیەکان بەتایبەتی ئەوانەی لە بواری تەندروستی و ژینگەییدا کار دەکەن قەدەغەی هاتوچۆ و کەرەنتینە کردنی خەڵک لە ماڵەکانی خۆیان کاریگەری راستەوخۆی کردۆتە سەر ژینگەی جیهان و پاکردنەوەی ژینگە و گۆرانکاری کەش هەوای بەسەرداهاتووە.

هاوکات، قەدەغەی هاتوچۆ و کەرەنتینە کاریگەری خراپیشی بۆ سەر ژیان هاوڵاتیان هەبووە بەتایبەتی ئەوانەی کە بژێوی ژیانیان لەسەر کارکردنی رۆژانەیە.