سەردێڕ:

پارێزگاری سلێمانی بە مەرج ڕێگا بە کردنەوەی ئەم شوێنانە دەدات

فۆتۆ: 
2020-07-03

16160 جار خوێندراوەتەوە

ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی چەند بڕیار و رێنماییەکی نوێی دەکرد و تیایدا بە مەرج رێگا بە کردنەوەی کلینکی پزیشکی و شوێنە گشتییەکان دەدات.

ئەمڕۆ هەینی، هەڤاڵ ئەبوبەکر سەرۆکی ژووری ئۆپەراسۆنەکانی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، "چێشتخانه‌ و چایخانە و قاوەخانە و ساردەمەنیەکان‌، كافتریاو و ڕێستورانته‌كان (به‌بێ پێشكه‌شكردنی نێرگه‌له‌)، له‌ ڕۆژی ۲٠۲٠/۷/٤ە‌وه‌ به‌م مه‌رجانه‌ ده‌كرێنه‌وه‌:

- هه‌ر یه‌كێك له‌م شوێنانه‌ ته‌نها نیوه‌ی مێز و شوێنه‌كانی دانیشتنی به‌كاربهێنێت.

- پابه‌ندی ته‌واوی ڕێكار و ڕێنمایی و مه‌رجه‌ ته‌ندروستیی و خۆپارێزییه‌كان بێت.

- هه‌ر شوێنێك پابه‌ندنه‌بێت به‌و مه‌رجانه‌ی سه‌ره‌وه‌ بۆ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك داده‌خرێت.

ئەوەش خراوەتەڕوو، "هەر کلینیکێکی پزیشکیی و تاقیگە و نەخۆشخانەیەکی تایبه‌تیی و ئەهلی پابەندی ڕێنماییە تەندروستیی و خۆپارێزییەکان نەبێت، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی سلێمانییەوە بۆماوەی هەفتەیەک دادەخرێت."

ئاماژە بەوەشکراوە،" جیمەکان، شوێنی چاره‌سه‌ركردنی سروشتیی، به‌پێی ڕێكار و ڕێنمایی و مه‌رجه‌ ته‌ندروستیی و خۆپارێزییه‌كان ده‌كرێنه‌وه‌ و هه‌ر شوێنێك پابه‌ندنه‌بێت به‌و مه‌رجانه‌وه‌‌ بۆ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك داده‌خرێت."

باس لەوەشکراوە، "پێویسته‌ گواستنەوەی گشتیی (پاس و مینی پاس و ته‌كسی) به‌پێی ڕێكار و ڕێنمایی و مه‌رجه‌ ته‌ندروستیی و خۆپارێزییه‌كان كاربكه‌ن و هه‌ر شۆفێرێك پابه‌ندنه‌بێت بۆماوەی هەفتەیەک دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەیدا دەگیرێت."

لە ١٢ی نیسانەوە رێکارەکانی قەدەغەی هاتوچۆ لە پارێزگای سلێمانی ئاسانکراونەتەوە و پارێزگاری سلێمانیش دەڵێت، "دەسەڵاتی دەدرێت بە قائیمقامەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی، کە بەپێی تایبەتمەندیی سنورە کارگێڕییەکانی خۆیان ڕێنمایی پێویست دەربکەن."