سەردێڕ:

وێنە.. شوانێک لە سۆران بە تەقەی پاسدارانی ئێران برینداربوو

فۆتۆ: 
2020-07-03

5269 جار خوێندراوەتەوە

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە سۆران رایگەیاند، بەهۆی تەقەی سوپای پاسدارانەوە لە دەڤەری باڵەکایەتی شوانێک برینداربوو.

عەبدۆ ڕۆستایی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە سۆران رایگەیاند، "پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، لە ناوچەی وێزەی لە دەڤەری باڵەکایەتی کە کۆتا ناوچەی سنوری نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی ئێرانە، بەهۆی تەقەی پاسدارانەوە شوانێکی تەمەن ١٥ ساڵ برینداربوو."

لەو بارەیەوە موختاری گوندی وێزە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "سوپای پاسداران راستەوخۆ تەقەیان لە شوانەکە کردووە و بەهۆیەوە گولـلەیەک بە ڕانی کەوتووە و لە ئێستادا لە نەخۆشخانەی چومانە."

سەرلەبەیانی دوێنێ پێنجشەممە، لە کوێستانەکانی باڵەکایەتی سوپای پاسدارانی ئێران تەقەیان لە مەڕ و ماڵاتی هاوڵاتیان کرد و بەو هۆیەوە ٣٠ سەر مەڕ کوژراون و ٢٠ سەر مەڕی دیکەش بریندار بوون.