سەردێڕ:

پارێزگای سلێمانی چەند بڕیارێکی نوێی دەرکرد

فۆتۆ: 
2020-07-03

44111 جار خوێندراوەتەوە

ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، راگرتنی دەوامی فەرمانگە حکومییەکان تاوەکو ١٠ی ئەم مانگە درێژکرایەوە، دەشڵێت، "چێشتخانه‌ و چایخانە و قاوەخانە و ساردەمەنی و كافتریا و رێستورانته‌كان لە سبەی شەممە ٤ی مانگەوە، بەمەرج دەتوانن شوێنەکانیان بکەنەوە."

 

دەقی بڕیارەکان:

١.  هاتوچۆ لەنێوان پارێزگای سلێمانی و پارێزگاکانی تردا لەناو هەرێمی کوردستان و دەرەوەی هەرێمی کوردستاندا بە پشتبەستن بە بەیانی وەزارەتی ناوخۆ تا (۲٠۲٠/۷/۱٠) بە داخراویی دەمێنێتەوە و ڕرێگە بە هیچ کەسێک نادرێت هاتوچۆ بکات، جگە لەو حاڵەتانە نەبێت کە لە بەیانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا دیاریکراون و لە دوای ئەو کاتەشەوە وەزارەتی ناوخۆ ئەم بابەتە دیاریدەکات.

٢.  راگرتنی دەوامی فەرمی دامودەزگا حکومییەکان، جگە لە هێزەکانی ناوخۆ و کەرتی تەندروستی و خزمەتگوزاریی فەرمانگا خزمەتگوزارییەکان بەپێی سروشتی ئەرک و ئێشکگریی خۆیان، درێژ دەکرێتەوە بۆ ڕۆژی ۲٠۲٠/۷/١٠.

٣.  هەموو مزگەوت و پەرستگاو شوێنە ئاینییەکان لە سنوری پارێزگای سلێمانیدا بە داخراوی دەمێننەوە.

٤.  هەر کلینیکێکی پزیشکیی و تاقیگە و نەخۆشخانەیەکی تایبه‌تی و ئەهلی پابەندی رێنماییە تەندروستی و خۆپارێزییەکان نەبێت، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی سلێمانییەوە بۆ ماوەی هەفتەیەک دادەخرێت.

٥.  چێشتخانه‌ و چایخانە و قاوەخانە و ساردەمەنیەکان‌، كافتریا و و رێستورانته‌كان (به‌بێ پێشكه‌شكردنی نێرگه‌له‌)؛ له‌ ڕۆژی ۲٠۲٠/۷/٤ە‌وه‌ به‌م مه‌رجانه‌ ده‌كرێنه‌وه‌:

- هه‌ر یه‌كێك له‌م شوێنانه‌ ته‌نها نیوه‌ی مێز و شوێنه‌كانی دانیشتنی به‌كاربهێنێت.

- پابه‌ندی ته‌واوی ڕێكار و ڕێنمایی و مه‌رجه‌ ته‌ندروستیی و خۆپارێزییه‌كان بێت.

- هه‌ر شوێنێك پابه‌ندنه‌بێت به‌و مه‌رجانه‌ی سه‌ره‌وه‌ بۆ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك داده‌خرێت.

٦.  جیمەکان، شوێنی چاره‌سه‌ركردنی سروشتیی؛ به‌پێی رێكارو رێنمایی و مه‌رجه‌ ته‌ندروستیی و خۆپارێزییه‌كان ده‌كرێنه‌وه ‌و هه‌ر شوێنێک پابه‌ندنه‌بێت به‌و مه‌رجانه‌وه‌‌ بۆ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك داده‌خرێت.

٧.  نێرگەلەخانە و هەر کافتریایەک کە نێرگەلە پێشکەش بکات، مەلەوانگە، لایڤ میوزیک، یانە شەوانەکان، مەیخانەکان، شوێنەکانی کاتبەسەربردن و سەرگەرمکردن، هۆڵی بۆنە و کۆڕ و کۆبوونەوەکان، بەداخراوی دەمێننەوە.

٨.  پرسە و پرسەی گەڕەکەکان و سەرقەبران و سەردانی نەخۆش و هەموو کۆبوونەوەیەکی خۆشی و ناخۆشی و ئاهەنگگێڕانێک قەدەغەن.

٩.  پێویسته‌ گواستنەوەی گشتیی (پاس و مینی پاس و ته‌كسی) به‌پێی ڕێكارو ڕێنمایی و مه‌رجه‌ ته‌ندروستیی و خۆپارێزییه‌كان كاربكه‌ن و هه‌ر شۆفێرێك پابه‌ندنه‌بێت بۆماوەی هەفتەیەک دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەیدا دەگیرێت.

١٠.  قەدەغەی هاتوچۆی ئۆتۆمبێل لە سەنتەری (ناوبازاڕی) شاری سلێمانیدا بەردەوام دەبێت و هاوڵاتیان بەپێی رێنماییە خۆپارێزیی و تەندروستییەکان تەنها بە پێ دەتوانن هاتوچۆ و بازاڕ بکەن.

١١.  لە دابەشکردنی موچەدا فەرمانگا و خەزێنە و بانکەکانی سەر بە وەزارەتی دارایی دەوامی خۆیان دەکەن بەپێی رێکارو رێنماییە تەندروستییەکان و فەرمانگەکان بەپێی لیستی موچە بەهەمان رێکار و رێنمایی تەندروستیی لەو ڕۆژانەی بۆیان دیاریدەکرێت موچە دابەشدەکەن.

١٢.  لە هەر شوێنێک، ڕێنماییە تەندروستیی و خۆپارێزییەکان جێبەجێ نەکرێت، بۆماوەی هەفتەیەک دادەخرێت.

١٣.  هەر کۆمپانیا و دامەزراوە و مۆڵ و شوێنێکی کەرتی تایبەت پابەندی ڕێنماییە تەندروستیی و خۆپارێزییەکان نەبێت، بۆماوەی هەفتەیەک دادەخرێت.

١٤.  پێویستە هاوڵاتیان بەردەوام بن لەسەر خۆپارێزیی و خۆیان لە هەر بەریەککەوتن و تێکەڵاوبوون و کۆبوونەوەیەک بەدوور بگرن.

١٥.  به‌شێوه‌یه‌كی گشتی پشتیوانی و په‌یڕه‌ویی له‌ سیستمی خۆپاراستن و چاره‌سه‌ركردن له‌ماڵه‌وه‌ به‌ (خۆچاره‌سه‌ركردن و هاوچاره‌سه‌ركردن) ده‌كه‌ین و داوا له‌ هاوڵاتیانی به‌ڕێز ده‌كه‌ین پشتیوانمان بن بۆ خزمه‌تكردنی باشتر و ده‌رفه‌تدان به‌ چاره‌سه‌ركردنی حاڵه‌ته‌ توند و قورس و مه‌ترسیداره‌كان.

١٦.  داوا له‌و هاوڵاتییه‌ به‌ڕێزانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ هه‌ڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنابوون و چاكبونه‌ته‌وه‌ و مه‌رجه‌ ته‌ندروستییه‌كانیان تێدایه‌؛ به‌شداربن له‌ به‌خشینی خوێن بۆ پاراستنی ژیانی هاونیشتمانییه‌كانمان، هه‌ر مامه‌ڵه‌ و بازرگانیكردنێک به‌ خوێن و پلازمای خوێنه‌وه‌ قه‌ده‌غه‌یه ‌و به‌ده‌ره‌ له‌ بنه‌ما ئاینی و یاسایی و مرۆیی و ئه‌خلاقییه‌كان.

١٧. هه‌ر كه‌سێك به‌هه‌ر هۆیەک هێرش و سوكایه‌تی بكاته ‌سه‌ر پزیشك و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی و دامه‌زراوه‌ ته‌ندروستییه‌كان رێكاری یاسایی توندی له‌به‌رامبه‌ردا ده‌گیرێته‌به‌ر.

١٨.  لایەنە پەیوەندیدارە حکومییەکان به‌رده‌وامده‌بن له‌سه‌ر لێپرسینەوەو گرتنه‌به‌ری ڕێکارەکان و هەر فەرمانگە و لیژنەیەک کەمتەرخەمیی بکات، ڕێکاری یاسایی و کارگێڕیی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.

١٩. دەسەڵاتی تەواو دەدرێت بە قائیمقامەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی، کە بەپێی تایبەتمەندیی سنورە کارگێڕییەکانی خۆیان ڕێنمایی پێویست دەربکەن.