سەردێڕ:

وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی کاتی دابەشکردنی موچەوە روونکردنەوە دەدات

فۆتۆ: 
2020-07-03

49173 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، لە رۆژی چوارشەممەوە بەڕێوەبەرایەتی دارایی دەستی بە دابینکردنی موچەی مانگی حوزەیران کردووە، هاوکات، ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "گۆڕینەوەی دراو هۆکاری دواکەوتنی دابەشکردنی موچەی مانگی حوزەیرانە."

ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی دارایی عێراق راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، "بەڕێوەبەرایەتی ژمێریاری دەستیکردووە بە دابینکردنی موچەی مانگی حوزەیرانی موچەخۆران"، ئاماژە بەوەشکراوە، "بەڕێوەبەرایەتی ژمێریاری لە رۆژی چوارشەممەوە دەستیکردووە بە ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی حوزەیران و تاوەکو تەواوکردنی لیستەکەش بەردەوام دەبێت."   

هاوکات، عەدنان زورفی ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، گۆڕینەوەی دراو هۆکاری دواکەوتنی دابەشکردنی موچەیە و ئەو دەنگۆیانەشی باس لە دواکەوتنی موچە دەکەن راست نین.

لە ماوەی رابردوودا، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە میانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ عەلی عەبدول ئەمیر عەلاوی وەزیری دارایی جەختی لەوەکردەوە، کە موچەی فەرمانبەران بەبێ هیچ دواکەوتنێک دابەشبکرێت و پێویستە وەزارەتی دارایی کار لەسەر ئەو رێگەچارانە بکات کە لەبەردەستدان بۆ ئەوەی دابەشکردنی موچە دوانەکەوێت.

لە چەند مانگی رابردوو، بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە عێراق توشی کەمی داهات بووەوە، بەو هۆیەوە پەرلەمانی عێراق بڕیاری قەرزی دەرەکی و ناوخۆی پەسەندکرد، تاوەکو دابەشکردنی موچە بێکێشە بەردەوام بێت.