سەردێڕ:

رۆیتەرز: هاوکارییە داراییەکانی ئێران بۆ گروپە شیعەکانی عێراق کەمیکردووە

فۆتۆ: 
2020-07-03

1690 جار خوێندراوەتەوە

چەند سەرچاوەیەک باس لەوەدەکەن، بەهۆی کۆرۆنا و گەمارۆکانی ئەمریکاوە هاوکاریەکانی ئێران بۆ گروپە چەکدارە شیعەکانی عێراق بۆ نزیکەی نیوە کەمیکردووە و تارانیش رەتیدەکاتەوە هاوکاری پێشکەش بەو گروپانە کردبێت.

ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری سێ فەرماندەی گروپە شیعەکانی عێراق بڵاویکردووەتەوە، دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و داخستنی دەروازە سنوریەکان، هاوکاریەکانی ئێران بۆ چوار گروپی شیعەی عێراقی لە پێنج ملیۆن دۆلاری مانگانەوە بۆ دوو تا سێ ملیۆن دۆلار دابەزیوە.

باسیان لەوەشکردووە، ئێران لەبەرامبەر کردنە ئامانجی هێزەکانی ئەمریکا و نەیارەکانی ئەو هاوکاریە داراییانەی داوەتە گروپە چەکدارە شیعەکان.

بەرپرسێکی باڵای حکومەتی عێراقیش بە ئاژانسەکەی راگەیاندووە، گەمارۆکانی ئەمریکا و کارگەرییەکانی لەسەر ئابوری ئێران هۆکارێکی دیکەی کەمبوونەوەی هاوکاریە داراییەکانی تارانە بۆ هەندێک گروپی چەکداری شیعەی عێراق.

لەبەرامبەردا، وتەبێژێک بە ناوی پەیوەندیەکانی سوپای پاسداران رەتیکردووەتەوە، ئێران هاوکاری دارایی پێشکەش بە گروپە چەکدارە شیعەکانی عێراق کردبێت و رایگەیاندووە، وڵاتەکەی تەنیا لە رووی مەعنەوەییەوە پشتیوانی لەو گروپانەی ناوچەکە دەکات کە دژی بوونی هێزەکانی ئەمریکان لە وڵاتەکانیان.