سەردێڕ:

بەشێک لە جوتیارانی کەڵەکچی ڕێگای هەولێر- دهۆکیان داخست

فۆتۆ: 
2020-07-03

4512 جار خوێندراوەتەوە

بەشێک لە جوتیارانی ناحیەی کەڵەکچی بەهۆی وەرنەگرتنی گەنمەکانیانەوە لەلایەن سایلۆی ڕۆڤێی سەر بە شێخان گردبوونەوە و رێگای نێوان هەولێر- دهۆکیان داخست.

تائیف گۆران پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە دهۆک رایگەیاند، "بەشێک لە جوتیارانی ناحیەی کەڵەکچی بەهۆی وەرنەگرتنی گەنمەکانیان لە سایلۆی ڕۆڤێی سەر بە قەزای شێخان  گردبوونەوە و بۆ ماوەیەک ڕێگای نێوان هەولێر و دهۆکیان داخست، بەڵام دواتر هێزە ئەمنییەکان گەیشتنە ئەو شوێنە و ڕیگاکەیان کردەوە."

ئاماژەی بەوەشکرد، "بەهۆی توشبوونی دوو کارمەندی ئەو سایلۆیە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ماوەی دوو ڕۆژە سایلۆکە داخراوە و هیچ گەنمێک لە جوتیاران وەرنەگیراوە."

ئەوەشی خستەڕوو، "تا ئێستا جوتیاران لە گردبوونەوە بەردەوامن و داوا دەکەن دەرگای سایلۆکە بە ڕوویاندا بکرێتەوە و گەنمەکانیان لێوەربگیرێت."

ماوەی نزیکەی مانگێکە ئامارەکانی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمدا روو لە هەڵکشانە و بەپێی دوایین ئامارەکان تا ئێستا شەش هەزار و ٦٥٣ کەس لە هەرێمدا توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش دوو هەزار و ١٦٤ کەسیان چاکبوونەتەوە و ٢٢٣ کەسیان گیانیان لەدەستداوە.