سەردێڕ:

بەپێی بەڵگەنامەیەکی دەوڵەتی عوسمانی کەرکوک بەشێکە لە کوردستان

فۆتۆ: 
2020-07-03

15346 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی بەڵگەنامەیەکی دەوڵەتی عوسمانی، کە مێژووەکەی بۆ ساڵی ١٨٩٦ زاینی دەگەڕێتەوە، شاری کەرکوک بەشێکە لە کوردستان.

بەپێی بەڵگەنامەیەکی دەوڵەتی عوسمانی و قاموسی (الاعلام)ی عوسمانی ساڵی ١٨٩٦ی زاینی، کەرکوک بەشێکە لە کوردستان و ژمارەی دانیشتوانەکەی ٣٠ هەزار کەس بووە و سێ لەسەر چواریان کورد بوون.

لە بەڵگەنامەکەدا زۆر بە وردیی باسی کەرکوک و پێکهاتەکانی کراوە و ئاماژە بەوەکراوە، ژمارەی دانیشتووانی ئەوکاتی کەرکوک ٣٠ هەزار کەس بووە لەو ژمارەیەش سێ لە سەر چواریان کورد بوون و ٧٦٠ جولەکە و ٤٦٠ کلدان و ئاشووری ژمارەیەک تورکمان و عەرەبی تێدابووە.

وەکو لە بەڵگەنامەکەدا هاتووە، لە ساڵەکانی ١٨٩٦دا ٣٦ مزگەوت و حەوت قوتابخانە و ١٥ تەکییە و ١٢٨٢ دوکان لە کەرکوکدا هەبووە.

کەرکوک شارێکە کە لە ڕووی دانیشتووان و مێژووەوە کوردستانییە و دەکەوێتە باشووری کوردستانەوە و دانیشتوانەکەی پێکھاتوون لە نەتەوەکانی کورد کە زۆرینەن، لەگەڵ نەتەوەکانی عەرەب، تورکمان و کلد و ئاشورییەکان، بەهۆی تەعریب کردنیشەوە لە ساڵانی ٨٠ کاندا گۆڕانکاری بەسەر دیموگرافیای شارەکەدا هاتووە.

لەدوای ڕووخانی ڕژێمی سەدامیش لە دەستوردا مادەی ١٤٠ دیاریکرا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەو ناوچانەی لەنێوان نەتەوە جیاوازەکانی شارەکەدا ناکۆکییان لەسەربوو، بەڵام دوای نزیکەی ١٧ ساڵ لە نوسینەوەی دەستور مادەکە جێبەجێ نەکراوە و کێشەی زەوی و زار و گەڕانەوەی خاکەکەی بۆسەر هەرێمی کوردستان یەکلایی نەکراوەتەوە.