سەردێڕ:

سەرۆک وەزیرانی نوێی فەڕەنسا دەستنیشانکرا

فۆتۆ: 
2020-07-03

4174 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک کۆماری فەڕەنسا بەرپرسی ئاساییکردنەوەی دۆخی وڵاتەکە لە رێکارەکانی کۆرۆنای وەکو سەرۆک وەزیرانی نوێ دەستنیشانکرد.

ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ هەینی، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەڕەنسا، ژان کاستێکس، کە بەرپرسی ئاساییکردنەوەی دۆخی ئەو وڵاتە بووە لە رێکارەکانی کۆرۆنا، وەکو سەرۆک وەزیرانی نوێ دەستنیشانکرد.

ئاماژە بەوەشکراوە، کە ژان کاستێکس بە زووی حکومەتی نوێی فەڕەنسا پێکدەهێنێت و بۆ ماوەی دوو ساڵ لەو پۆستەدا دەمێنێتەوە.

هەر ئەمڕۆ، لە چوارچێوەی هەڵمەتی گۆڕانکاری لە پۆستە حکومییەکاندا لەلایەن سەرۆکی فەڕەنساوە، ئیدوارد فیلیپ، سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە دەستیلەکارکێشایەوە.

لە ناوەراستی مانگی رابردوودا سەرۆک کۆماری فەڕەنسا رایگەیاند، کە دەیەوێت سەرۆکایەتییەکەی بە تەواوی نوێبکاتەوە و بۆ ئەوەش، گۆڕانکاری گەورە لە پێکهاتەی حکومەتی وڵاتەکەیدا دەکات.

چاودێرانی دۆخی سیاسی فەڕەنساش پێیانوایە، لەبەرئەوەی لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا خۆپیشاندان و نارەزایەتیەکی زۆر لە بەرامبەر حکومەتی ئەو وڵاتەدا بەڕێوەچوون، ئەوا ئیمانوێل ماکرۆن، وەکو ئامادەکارییەک بۆ دوو ساڵی ئایندەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، دەیەوێت شێوازی بەڕێوەبردنی وڵات و کەسانی چواردەوریشی بگۆڕێت.