سەردێڕ:

دادگای باڵای ئەمریکا گۆڕانکاری لە بڕیاری بەزۆر ناردنەوەی عێراقییەکان ناکات

فۆتۆ: 
2020-07-03

12613 جار خوێندراوەتەوە

دادگای باڵای ئەمریکا رەتیکردەوە کە گوێ لە داواکارییەکی ئەو عێراقییە کۆچبەرانە بگرێت کە بە ئەنجامدانی تاوان تۆمەتبار کراون و بڕیاری بەزۆر ناردنەوەیان دراوە.

ماڵپەڕی حوڕە بڵاویکردەوە، دادگای باڵای ئەمریکا رەتیکردووەتەوە، پێداچوونەوە بە بڕیارێکی ساڵی ٢٠١٨دا بکات کە تێیدا، بڕیاردراوە بە بەزۆر ناردنەوەی نزیکەی هەزار و ٤٠٠ کەسی عێراقی کە بە ئەنجامدانی تاوان تۆمەتبارکراون.

لەلایەکی دیکەوە، یەکێتی ئازادیی مەدەنی ئەمریکی کە گروپێکی عێراقین لەو وڵاتە و بەرگری لە مافی هاوڵاتیانی خۆیان دەکەن، بەمەبەستی نەناردنەوەی ئەو کەسانە سکاڵایان لە دژی حکومەتی ئەمریکا تۆمارکردووە.

دوای هاتنەسەر حوکمی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئێستای ئەمریکا، یاساکانی کۆچبەری لەو وڵاتەدا توندکراونەتەوە و بە هەموو شێوەیەک دەیەوێت رێگە لە کۆچبەری نوێ بگرێت و هاوکات، کۆچبەرە نایاساییەکان یاخود تۆمەتبارەکان بە ئەنجامدانی تاوانێک بۆ وڵاتەکانی خۆیان بگەڕێنێتەوە.

تاوەکو ساڵی ٢٠١٧ش عێراق رازی نەبوو بە بەزۆر گەڕاندنەوەی ئەو کۆچبەرانە، بەڵام لەو ساڵەدا لەگەڵ حکومەتی ئەمریکادا رێککەوتنێکی کردووە کە تێیدا ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ وەرگرتنەوەی هاوڵاتییەکانی.